كەركووك... شەستویەك سندووقی دەنگدان دەژمێردرێنەوە

كەركووك -KDP.info- سبەی (61) سندووقی دەنگدان لە بنكەی (رەحیم ئاوا) دووبارە جیا دەكرێنەوە و دەژمێردرێنەوە.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی (پارتی دیمووكراتی كوردستان) عەدنان كەركووكی بە KDP.info–ی ڕاگەیاند: وابڕیارە سبەینێ لە بنكەی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی (رەحیم ئاوا) لە شاری كەركووك، كۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان (61) سندووقی دەنگدان كە سەرجەم سندووقی دەنگدانی ناوچە عەرەبییەكانی دەرەوەی شاری كەركووكن، دوووبارە جیا دەكرێنەوە و دەژمێررێنەوە.
زیاتر گوتی: ئەو سندووقانە پێشتر لەلایەن كۆمسێۆنەوە شریتی سووریان لێ درابوو، چونكە زۆربەی سندووقەكان كێشەی ژمارەی كارتی دەنگدانیان هەیە و ژمارەیەك كارتیان لێ دەرهێنراوە، واتە لەگەڵ فۆرمی هاوتاكردن كە هاوپێچی سندووقەكانە جیاوازییان هەیە، پێدەچێت پاش جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان لە بنكەكانی دەنگدان ئەو كارتی دەنگدانانەیان لێ دەرهێنرابێت.
سەبارەت بەو(73) سندووقەی لە شاری كەركووكەوە ڕەوانەی بەغدا كراون گوتی: چارەنووسی ئەو سندووقانە تائێستا نادیارە و هیچ زانیارییەكمان لەبارەیانەوە نییە.
هیوا حوسێن ئەمین




