سەرۆک بارزانی: ڕەنگە لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا بەشداری نەکەین

هەولێر-ڕۆیتەرز-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالیکی، وڵاتی با ئاقاری تاکڕۆییدا بردووە و هەڕەشەیش لە بەشداریی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدڕاڵدا دەکات. سەرۆک بارزانی هاوکات بە ئاژانسی هەواڵی ڕاگەیاندووە کە، بە هۆی سیاسەتی تاکڕۆیی نووری مالیکییەوە ڕەنگە لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا کورد بەشدار نەبێت.
بارزانی دەڵێت، بەم زووانەیش لایەنە سیاسییە کوردەکان کۆ دەبنەوە و بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنەکانیش هەڵوێستی خۆیان پێوەست بە دانوستان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە ڕادەگەیەنن.
لە 30-ی نیسانی ڕابردوو هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە چوون کە هێشتا ئەنجامی کۆتاییان ڕانەگەیەنراون، بەڵام وەک زانراوە و دەوڵەتی یاسایش کە مالیکی سەرۆکیەتی، خواستی مالیکی بۆ جاری سێیەم بوونەوەی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند، هەر ئەو مەرامەی مالیکییشە کە بەرهەڵستکارە شیعەکانی مالیکی و هاوکات سوننەیش دەخوازن کورد لە ڕێگریکردن لە لە هەڵبژاردنەوەی بۆ ویلایەتی سێیەم هاوکاریان بێت.
ڕۆیتەرز نووسیویەتی، ڕەنگە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو چەند مانگێک بخایەنێت و سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە کە ناشێت چی دی دۆخی سیاسیی عێراق بەو شێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە و ئەگەر گۆڕانکارییش نەیەتە ئاراوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە کە ڕەنگە کورد بە تەواوی لە حکوومەتی فیدڕاڵ بکشێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکیدا کە دوێنێ دووشەممە ڕۆیتەرز لەگەڵیدا سازی داوە، ڕایدەگەیەنێت، "هەموو بژاردەکان لا ئارادان. ئێستا کاتی بڕیاری کۆتاییە. چی دی چاوەڕوانی خولێکی دی حکوومەت ناکەین کە بە هەمان ئەزمووندا بمانباتەوە. ئەگەر لە پرۆسەکە بکشێینەوە لە هەموو شتێک دەکشێینەوە لە پەرلەمان و حکوومەتیش."
ئەگەر ئەوەیش ڕوو بدات، ئەمە دەبێت بە جاری یەکەمین لە پاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، چونکە پێشتر کورد لە حکوومەتی فیدڕاڵدا شەریک بوون.
لە هەڵبژاردنی 2010، مالیکی بەڵێنی دا کە دەستەڵاتەکان دابەش بکات و چارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام بەڵێنەکانی نەبردنە سەر.
بارزانی هاوکات ڕایگەیاندووە کە، ئەگەر ئەمجارە لە حکوومەتدا بەشدار بن ئەوا بۆ زامنکردنی مافەکانی کورد، دەبێت گەرەنتیی جیددی هەبێت و هەر لەسەر کاغەز نەمێنێتەوە.
ئەگەرچی بارزانی بە تەنیا ئۆباڵی قەیرانی حوکمڕانیی 4 ساڵی ڕابردوو ناخاتە ئەستۆی مالیکی بەڵام هاوکات دەڵێت "شەراکەت لەئارادا نەبووە، بەڵکە حوکمی تاکڕۆیی بووە."
هەروەها دەڵێت، "دەستەڵاتی بەغدا دەیەوێت دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت، ئەمەیش لای ئێمە قبووڵ ناکرێت. دەمانەوێت شەریک بین نەک شوێنکەوتوو."
سەرۆک بارزانی زیاتر گوتی "ئەو مالیکییەی کە ناسیبوومان هەمان ئەو مالیکییە نییە کە دەستەڵاتی لە دەستە."
سەرۆک بارزانی دەربارەی کەمکردنەوەی بودجەیش ڕایگەیاند، "ئەوەی بودجەی کوردستان کەم دەکاتەوە دەبێت باجی بڕیارەکەیشی بدات. ئەگەر پێیان وایە بە کەمکردنەوەی بودجە کورد قەڵس دەبێت و چیی دی پرسیار لە مافە ڕەواکانیان ناکەن، هەڵەن."
هاوکات دەڵێت، کورد بەپێی دەستوور مافی هەناردەکردنی نەوتی هەیە و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێی بۆریی نەوتی کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری تورکیا کراوە.
بەغدا هەڕەشەی توند دەکات ئەگەر بێ ڕەزامەندیی ئەوان نەوت هەناردە بکرێت، بەڵام بارزانی گوتی، لە بڕیاردانمان پەشیمان نابینەوە.
زیاتر گوتی، "بڕیارمان داوە کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوت دەفرۆشین. لە دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنیشی بەردەوام دەبین."
ڕوونیشی کردەوە، "ئەگەر نایانەوێت لەگەڵیان بین، ئەوا با ڕاشکاوانە پێمان بڵێن و ئەگەر بەغدا لەسەر هەڕەشەکانی بەردەوام بێ، ئێمەیش بە ئاراستەیەکی سەربەخۆییدا هەنگاو دەنێین. ڕیفراندۆم ساز دەدەین و با گەل خۆی بڕیار لە چارەنووسی بدات."
سەرۆک بارزانی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە وەک ئەوەی حکوومەت لەسەرەتاوە شەڕی لە ئەنبار ڕاگەیاند لە ئێستادا بە ئاقارێکی دیدا براوە و ڕایشیگەیاند، "هەڵگیرساندنی شەڕ بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی بەڵایە. چونکە چیرۆکەکەی ئێستا شتێکی دیکەیە."
لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی پێی وایە کە، ئەو شەڕەی لە ئەنبار دەکرێت وێنەی نەبووە و زیاتر گوتی "لەهەر وڵاتێکدا ئەو ستراتیژیەتە پێڕۆ بکرێت، ئەو بە واتای کۆتایی ئەو وڵاتەیە."
زیاتر گوتی "ئەوە مەترسیدارترین بابەتە و ئەمە کۆتایی عێراقە."




