بڕیارە بەشێکی کارەکانى(پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی عەرەبی) لە کوردستان ئەنجام بدرێت

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونى نەقیبى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان کۆنگرەى (پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی عەرەبی) لە عەممانى پایتەختى ئوردن بەڕێوە چوو و، تێیدا باسى ئازادىی ڕۆژنامەنووسى و گرفتەکانى بەردەمى باس کراوە.
لە رۆژانی 8- 12 ی ئایاری 2014 لە عەممانی پایتەختی ئوردن بە ئامادەبوونی پتر لە 200 ناوەندی رۆژنامەوانی و میدیاکاران کۆنفرانسی (پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتانی عەرەبی) ساز کرا، کە تێیدا رۆژنامەگەریی ئەلیکترۆنی، رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەری لە ناوچەکە و رۆڵی حیزبە ئایینییەکان تەوەرەی سەرەکیی کۆنفرانسەکەیان پێک دەهێنا.
پانێڵێکی سەرەکیی کۆنگرەکە، کە لە 10/5/2014 بەڕێوە چوو، بریتی بوو لە (ئازادیی رادەربڕین لە نێوان خیتابی ئایینی و ئاسایشی نیشتمانی)، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد حەمەدئەمین، قسەکەرێکی سەرەکیی پانێڵەکە بوو و لەلایەن حەسەن معەوەز لە کەناڵی ئەلعەرەبییەوە بەڕێوە چوو.
میدیاکانی عەرەبی بە بایەخەوە ئەم تەوەرەیان هەڵسەنگاند و هەر لە کۆنگرەیەدا رۆژنامەنووسی ناوداری ئێران ماشائەڵڵا شەمسولواعیزین کە خاوەنی خەڵاتی پاڵەوانی میدیایە، جارێکی دیکە لەم کۆنگرەیەدا رێزی لێ نرا.
لە کۆنگرەکەدا کۆدەنگییەک هەبوو بۆ دەستخۆشی و هاوسۆزی بۆ هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەم کۆنگرەیە لە داهاتوودا لە کوردستان ئەنجام بدرێت. لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، کە باڵیۆزخانەی نۆروێژ لە ئوردن سپۆنسەری سەرەکی بوو، بە بەشداریی هونەرمەندانی ناوداری عەرەبی و دیارترینیان مارسێل خەلیفە کۆتایی پێهێنرا.




