٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكایەتیی پەرلەمان: موزایەدەی سیاسیی بە دەستووری هەرێمەوە مەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێکیدا پێوەست بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەمواركردنی پڕۆژەی دەستووری هەرێم لە ئەولەویەتی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەیدایە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە 12/6/2013 داوای لە پەرلەمان كردووە، بە هەمواركردنی پرۆژەی دەستوور هەوڵی هێنانەكایەی سازان بدەن لەسەری.

لە ڕاگەیەنراوەکەی پەرلەماندا کە ئەمڕۆ سێشەممە دەر لراوە و دانەیەکی بۆ نێردراوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان هاوکات ڕایدەگەیەنێت، لە داهاتودا بڕیار لەسەر ڕێوشوێنەكانی هەمواركردنی پرۆژەی دەستوور دەدرێت. هیواخوازیشە کە لایەنەکان بە گیانی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بكەن و خۆیان بە دوور بگرن لە بابەتی موزایەدەی سیاسی.

دەقی راگەیەندراوی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پرسی هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان:

 "سەرەڕای هەنووكەیی بوونی پرسی پێكهێنانی حكومەت، بۆ پەرلەمان و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هەمان شێوە هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان لە ئەولەویەتی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتییەكەیدایە.

  بۆیە هەر لەگەڵ دەست بەكاربوونی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان ئەم پرسەی تاوتوێ كردووە. چونكە ئەمە داخوازی زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێًم بووە و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پاش راوێژ لەگەڵیان  لە رێگەی نامەیەكەوە لە بەرواری  12/6/2013 داوای لە پەرلەمان كرد، كە بە هەموار كردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان  هەوڵی هێنانە كایەی سازان بدەن لەسەری .

 بۆیە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لە ماوەی داهاتودا بڕیار لەسەر ڕێو شوێنەكانی هەمواركردنی پرۆژەی دەستوور دەدات. بۆ ئەوەی  دەستوری داهاتوی هەرێم  ببێتە هۆی هێنانە كایەی  سیستەمێكی دیموكراتی و پەرلەمانی  و مەدەنی  كە پایەكانی  بە دامەزراوەیی كردنی هەرێم رەنگ رێژ بكات و ببێتە جێی متمانە و ڕەزامەندی هاونیشتیمانیان. بەو هیوایەی  هەمووان  بە گیانێكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكەن و خۆیان بە دوور بگرن لە بابەتی موزایەدەی سیاسی.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

13-5-2014"

هەواڵی پەیوەندیدار