سەرۆک بارزانی: لەیلا قاسم، هێمای بەرزیی گەلەكەیەتی

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە چلەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسمدا ڕایدەگەیەنێت، لەیلا قاسم سیمبولی گیانفیدایی و بڕوابەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردە و جێگەی شانازیی تاك تاكی گەلی كوردە و پێویستە تاهەتایە یادی بەرز ڕابگیرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، سەرۆک بارزانی لە کورتەپەیامێکیدا وەها شەهید لایلا قاسم دەخاتەوە بەر باس و دەڵێت، "لەیلا هێمای بەرزیی گەلەكەیەتی، ئەو ئەوەندە بەرزە تەنانەت لە كاتی مەرگیش سەری جەللادەكانی لەژێر پێڵاوەكانی خۆیدا بینی. ئەو لێبوردن و بەخشینی دوژمنانی نەویست و لە وەڵامی بكوژانیدا گوتی كە من بەشێكم لە شۆڕشی گەلەكەم و بە شەرەفەوە بەرەو پەتی سێدارە دەچم و دەبێ گەلەكەم لێم ببوورێ نەك نەیارانی گەلەكەم."
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
"لە یادی چل ساڵەی شەهیدبوونی لەیلا قاسمدا سڵاو بۆ گیانی پاكی ئەو ئافرەتە قارەمانە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادی. شەهید لەیلا قاسم سیمبوڵی گیانفیدایی و بڕوابەخۆبوون و نیشتیمانپەروەریی ئافرەتی كوردە و جێگەی شانازیی تاك تاكی گەلی كوردە و پێویستە تاهەتایە یادی بەرز ڕابگیرێت و بە زیندوویی بمێنێتەوە.
لەیلا هێمای بەرزیی گەلەكەیەتی، ئەو ئەوەندە بەرزە تەنانەت لە كاتی مەرگیش سەری جەللادەكانی لەژێر پێڵاوەكانی خۆیدا بینی. ئەو لێبوردن و بەخشینی دوژمنانی نەویست و لە وەڵامی بكوژانیدا گوتی كە من بەشێكم لە شۆڕشی گەلەكەم و بە شەرەفەوە بەرەو پەتی سێدارە دەچم و دەبێ گەلەكەم لێم ببوورێ نەك نەیارانی گەلەكەم.
ژیان و مەرگی لەیلا وانەیە بۆ هەموو تاكێكی كورد. دوای شەهیدبوونی هەزاران دایكی كورد ڕۆڵەكانیان بە ناوی ئەو كرد. یادی ئەم شەهیدە قارەمانە بەرزو پیرۆز بێت."




