ھەڕەشەی تیرۆریستان جێی بە 4ھەزار و500 خێزانی کوردی ئیزیدی لەق کردووە

مووسڵ-تایبەت بەKDP.info- لە پێنجشەممەی رابردووەوە تا ئێستا، لە ترسی ھەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەی رەبیعەی سەر بە پارێزگای مووسڵ، 4ھەزار و500خێزانی کوردی ئێزیدی، شوێنی خۆیان جێ هێشتووە و ئاوارەی شنگال و دەوروبەری بوون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، سەعید مەموزینی، بۆkdp.infoگوتی: دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو شەش کوردی ئێزیدی لەلایەن تیرۆرستانەوە کوژران وھەڕەشە لەوانەی دیکەیش کرا، ئەگەر ئەو شوێنە بە جێ نەھێڵن ئەوانیش دەکوژن، تاوەکو ئێستا 4ھەزار و500 خێزان ھەڵاتوون و گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و دەوروبەری.
سەعید مەموزینی گوتیشی: ئەو ھاووڵاتیانە بە ھۆی ھەژاری و نەبوونییەوە دەچنە ناوچەی رەبیعە کار دەکەن، بەڵام تیرۆرستان ھەڕەشەی کوشتنیان لێ دەکەن، ھۆکارەکەیشی بۆ کوردبوونیان دەگەڕێتەوە.
مەموزینی ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تەنھا15خێزان لە ناوچەی رەبیعە ماون و ئەوانیش سەرقاڵی ئەوەن بگەڕێنەوە بۆ شنگال.
رۆژی پێنجشەممە لە ناوچەی رەبیعە تیرۆرستان شەش کوردی ئیزدییان کوشت کە بۆ کارکردن چونەتە ئەو شوێنە، ئەمەش کاردنەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا، ھەر دوێنێیش نێچیرڤان بارزانی بۆ زیاتر پاراستنی کوردانی ئیزیدی بڕیاری دا بە دامەزراندنی فەوجێکی ھێزی پێشمەرگە تایبەت بە ناوچەی شنگال.
بڵند ئیبراھیم




