پەیەدە لە گوشار خستنەسەر ڕۆژنامەنووسان سڵ ناکاتەوە

هەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە سووریا دەڵێت، پەیەدە درێخی ناکات لە گوشار خستنەسەر ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەنووسە بێلایەنەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان مەترسییان لەسەرە.
لە دوای دروستبوونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەیەدەوە، تائێستا دەیان ڕۆژنامەنووس لەژێر گوشاری پەیەدە و هێزەکانی یەپەگەدا ڕووبەڕووی هەڕەشە و گوشار بوونەتەوە و، چەند ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن ئەو هێزەوە ڕفێنراون و هێشتا چارەنووسیان دیار نییە.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە سووریا، جوان میرانی بۆKDP.infoگوتی: "هەر دەستدرێژییەک لە ڕۆژئاوای کوردستان بکرێتە سەر هەر ڕۆژنامەنووسێک جا لە کورد بێ یان پێکهاتەکانی دیکە، ئێمە بە توندی ئیدانەی دەکەین و بەرگری لێ دەکەین، لێرەوە وەک سەندیکا دووپاتی دەکەینەوە دژی هەرلایەنێک دەوەستینەوە بیەوێت کاروانی ڕۆژنامەنووسی بوەستێنێت، چونکە کاری ڕۆژنامەنووسی جیایە لە کاری سیاسی".
میرانی گوتیشی، "لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێشێلکاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان کراوە و هەڕەشەیان لێکراوە، تەنانەت بە ویستی پەیەدە دەستکاری ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.
زیاتر گوتی: "لە ڕۆژئاوای کوردستان دوو هێز هەیە ڕێگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن، یەکەم گرووپە توندڕۆکان، دووەم پەیەدەیە ئەوەی دووەم کەمتەرخەمی نەکردووە لە پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئەوان یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانیان داناوە کە سەربەخۆیانە، بەپێی بنەماکانی کاریشیان یا دەبێت ڕۆژنامەنووس ڕەزامەندیی ئەوان وەربگرێت، یان نابێت کار بکات کە ئەوە پێشێلکارییە بەرانبەر بە پیشەی ڕۆژنامەنووسی".
ئاماژەیشی دا، تائێستا 14 ڕۆژنامەنووس لەژێر دەستەڵاتی پەیەدەدا یا دەرکراون یان هەڕەشەیان لێ کراوە و زۆربەیشیان ڕۆژنامەنووسی بێلایەنن."




