٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەرێكی كوردانی ئێزدی لێدوانی پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا رەت دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-تایبەت بە kdp.info-- سەبارەت بە لێدوانی ئەندامێكی لیستی دەوڵەتی یاسا كە باس لەوە دەكات پێكهێنانی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە بۆ شەنگال دەستدرێژییە بۆ سەر دەستەڵاتەكانی حكوومەتی عێراق، نوێنەرێكی دەڤەری شەنگال لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پێكهێنانی فەوجێكی هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك دەستدرێژی نییە بۆ سەر دەستەڵاتەكانی حكوومەتی عێراق، بەڵكو بۆ پاراستی خەڵكی سڤیلی ئەو دەڤەرەیە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی و نوێنەری دەڤەری شەنگال مەحما خەلیل، بۆ kdp.infoگوتی: بەپێی دەستوور هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە هێزەكانی بەرگریی عێراق، بۆیە دامەزراندنی ئەو هێزە بە هیچ شێوەیەك نە دەستدرێژییە بۆ سەر دەستەڵاتەكانی عێراق و نە دژی دەستووریشە.

مەحما خەلیل ئەوەشی خستە ڕوو كە پێویستە هەڵوێستی حكوومەتی بەغدا لە بەرامبەر دامەزراندنی ئەو فەوجە ئیجابی بێت، چونكە ئەو هێزە نەك تەنیا خەڵكی شەنگال، بەڵكوو سنووری عێراقیش لە هاتنی تیرۆریستان دەپارێزیت، كە دەبینین رۆژانە تیرۆریست لە رێگەی ئەو سنوورانە لە وڵاتی سووریاوە دێنە ناو خاكی عێراق.

ئەوپەرلەمانتارە دەپرسێ كە ئایا كوشتنی خەڵكی هەژار و بێكوناە پێچەوانەی دەستوورە یاخود پێكهێنانی هێزێك بۆ ئەوەی بیانپارێزێت، لە كاتێكدا كە كوشتنی كوردانی ئێزدی تەنیا لەبەر ئەوەیە كە ئێزدی و كوردن.

خەلیل ڕوونیشی كردەوە، ئەو جۆرە لێدوانانە دژی دەستوور و مافی مرۆڤن، چونكە ئەو كەسانە دیارە نایانەوێت ئاساییش و سەقامگیری لەناو كەمینەكان هەبێت و پێیان باشە داعش لەو ناوچانە بێت.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار