سەعدی پیرە: پێویستە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراق دەستەی دانوستان دروست بكرێ

هەولێر- KDP.info-ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، باس لە بارودۆخی ئێستای كوردستان دەكات و دەڵێت كە پێش ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێكی دەستەڵات لە عێراق بكرێت، پێویستە پێشوەخت كورد ئامانجی سەرەكیی خۆی دیاری بكات و بۆ ئەو مەبەستە دەبێ سەرۆکی هەرێم لایەنەکان کۆ بکاتەوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، بۆ KDP.infoگوتی: "پێویستە هێزە كوردییەكان كە نوێنەرایەتیی خەڵك دەكەن، كۆ ببنەوە و هەڵوێستەكانی خۆیان گەڵاڵە بكەن و لە چەند خاڵێكدا پوختی بكەینەوە، ئیشی ئێمەش لەگەڵ هەر لایەنێكی سیاسی بەو ئەندازەیەیە كە ئەو لایەنە سیاسییە چەند نزیكە لە جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان كە بریتین لە ماددەی 140، كێشەی پێشمەرگە و مەسەلەی بودجە و سەرژمێری."
گوتیشی: "كورد پێش ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە لەگەڵ كێ و چۆن گفتوگۆ دەكات، پێویستە لێرە خۆمان بزانین داخوازییەكانمان چین و چۆنیش پێشكەشیان دەكەین."
سەعدی ئەحمەد پیرە ڕوونی کردەوە، "ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئێمە دەبێ لەبارەی ئەم بابەتانەوە لە حیزبیبوون دوور بكەوینەوە و پێویستە دەستەیەكی هاوبەش كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی تێدا بن یان هەموو لایەنە سیاسییەكان رازی بن پێی، پێك بهێنرێت و دەبێ سەرۆكی هەرێم مەسعوود بارزانی بۆ گفتوگۆ بانگی هەموو لایەنە سیاسییەكان بكات."
پیرە هەروەها دەڵێت: "پێویستە لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە دەستەیەك لەدایك ببێ و دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی تری عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەمان بكات."
گوتیشی: "ئێمە لە سەرەتاوە پێمان وا بووە مەسەلە و مەبدەئی تەوافوق یەكێكە لە بڕوا سەرەكییەكان كە لە سەرەتاوە عێراقی لەسەر دامەزراوە، هەر بەو شێوەیەش كار كراوە، ئایا دەستپێكردنی مەبدەئێكی تر جگە لەو مەبدەئە وەكو ئەلتەرناتیف هەیە یان نییە؟ پێویستە ئەوە هەڵسەنگێنین ئینجا بەشداری بكەین".




