بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز: بەغدا هۆكاری زیانگەیاندنە بە بودجە نەك هەرێمی كوردستان

بەغدا- تایبەت بە -kdp.info-لەبارەی لێدوانێكی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراق كە باس لەوە دەكات لە ساڵی ٢٠١٣ـدا هەرێمی كوردستان ٩ ملیار دۆلار زیانی لە بودجەی عێراق داوە و لە ساڵی ٢٠١٤ـیش بە ملیاران دۆلار زیانی بە بودجە گەیاندووە، بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ڕاستە زیان بە بودجەی عێراق گەیشتووە، بەڵام خۆیان هۆكارن، چونكە بە هیچ شێوەیەك بە رێككەوتنەكانەوە پابەند نەبوون.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت وغاز لە پەرلەمانی عێراق قاسم محەممەد مشەختی، بۆ kdp.infoڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە ئامادە بووە بە مەبەستی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێككەوتن بكرێت، بەڵام هەر جارە و بە بیانوویەك بەغدا رێككەوتنەكانی پێشێل كردووە و بووەتە بەربەست بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە نەكرێت."
قاسم محەمەد مشەختی گوتیشی: حكوومەتی عێراق خۆی هۆكار بووە كە ئەو زیانە گەورەیە بە بودجەی عێراق بگات و دڵنیاشم رۆژێك دێت لەسەر ئەم بابەتە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
بڕیاردەری لیژنەی نەوت و غاز بە بیری هێنانەوە كە "پاریش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی مانگێكی داوە بە بەغدا بۆ ئەوەی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت بدرێت، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون ئەو پارەیە دابین بكەن، بۆیە حكوومەتی هەرێم ناچار بووە هەناردەكردنی نەوت رابگرێت، سەرەڕای ئەوەش چەندین جاری دیكە دەستپێشخەریی كردوە، بەڵام بەغدا ئامادە نەبووە كێشەی نەوت چارە بكرێت."
بڵند ئیبراهیم




