٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاوێژکاری پێشووی شاعەبدوڵڵا: سەرۆک بارزانی لە ڕەمزە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ڕاوێژکاری پێشووی شای ئوردن دەڵێت، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز دەنرخێنرێت و، ڕایشیدەگەیەنێت کە پەیوەندیی بارزانی و وڵاتی ئوردن زۆر گەشەی کردووە.

ڕاوێژکاری پێشووی شاعەبدوڵڵای پاشای ئوردن و وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری ئەو وڵاتە، ساڵح قەڵاب، لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دەڵێت: "مەسعوود بارزانی تەنیا هێماو سیمبولی کورد نییە، بەڵکو یەکێکە لەناو و، ڕەمزە دیارەکانی ناوچەکە بە گشتی، بە تایبەتی ئەو ڕۆڵەی کە هەموو جارێک سەرکەوتوانە دەیگێرێت. بەم دواییە سەردانی دیاربەکری کرد و لەگەڵ ئۆردۆغان کۆ بوویەوە و ڕۆڵی ئەو زۆر بەرز دەنرخێنرێت لە ڕووی هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و لە تورکیایشدا، هەروەها لە ڕوانگەی بارودۆخی ئێستای ناوچەی کوردنشین لە سووریا، بۆیە ئەو بەڕێزە ڕۆڵی دیار و سەرەکی دەبینێت وەک ڕەمز و هێمایەک و لەسەرتاسەری ئەو ناوچانەدا درەوشاوەیە، هەروەها لەم سەردانەدا بابەتێکی گرنگ قسە و باسی لەبارەوە کراوە ئەویش مەسەلەی "تیرۆرە" کە لە سووریا و لە ئەردەن کە کاریگەریی مەترسی بۆ سەرهەرێمی کوردستان هەیە".

لەبارەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتی ئوردن قەلاب دەڵێت: "ئەم پەیوەندیانە زۆر کۆنن، بۆ سەردەمی خوالێیخۆشبێت شاحوسێن و مەلامستەفای بارزانی دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوولا هەبوو، شای ئوردن لە ڕووی پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوییەوە ئەوپەڕی پشتیوانی لە گەلی کورد لە عێراق دەکرد، بۆیە شانشینی ئوردن هەڵوێستێکی چەسپاو و نەگۆڕی هەبووە لەهەمبەر مافەکانی گەلی کورد، لەبەر ئەوە دەڵێم ئەو پەیوەندیانە کۆنن و چەند جارێک بەرپرسانی ئوردن سەردانی مەلامستەفای بارزانییان کردووە، هەروەها تا ساڵی 1964 لە ڕێگای جەنابی مەلامستەفای بارزانییەوە بەڕێز جەلال تاڵەبانی ڕادەسپێرا بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندیی نێوان کورد و ئوردن،

 گوتیشی: "ئەم پەیوەندیانە لە ساڵی نەوەدەکانەوە زیاتر پتەوتر بوون، بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی لەم ماوەیەدا چەندین جار سەردانی ئوردنی کردووە و چاوی بە خاوەنشکۆ عەبدوڵلای پاشای ئوردن و بەرپرسانی وڵات کەوتووە، بۆیە ئەمەش یەکەم سەردانی بارزانی نییە بۆ ئەردەن لە کاتێکدا پێشووتر لە هەندێک لە سەردانەکان بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانییش هاتووە".

 

هەواڵی پەیوەندیدار