هەرێم كەمال ئاغا: قۆناغی ئێستا و داهاتوو پێویستی بە گوتاری سیاسیی یەكگرتوو هەیە

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێت، قۆناغی ئێستا و داهاتوو پێویستی بە گوتاری سیاسیی یەكگرتوو هەیە بۆ وەدەستهێنانی ئاییندەیەكی باشتر بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەمان و هەموومان دەبێ هاودەنگ و هاوڕا بین و كار بۆ ئەوە بكەین ئەم قۆناغەی ئێستاو داهاتوو ببێتە قۆناغی بەدیهێنانی ئاواتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان.
ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی چواری ئەو حیزبە لە دهۆك هەرێم كەمال ئاغا، بۆ KDP.infoگوتی: "گومان لەوەدا نییە لە تەباییدا دەسكەوتی باشتر بە دەست دەهێنرێن، كورد ئەگەر بیەوێ بە پارچە پارچە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی كۆنتاك بكات، پێم وایە دەستكەوتەكان لە دەست دەچن و زەرەرێكی گەورەش دەكەین، ئەوەی كە پێویست دەكات ئەوەیە كە ئێمەی كورد پێویستە وەك یەك پاكێج داواكارییەكانمان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق پێشكەش بكەین بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان كە نەتەوەی دووەمین لەسەر ئاستی عێراق بۆ نموونە پێویستە لە پۆستە سیادییەكانی وەك پۆستی سەرۆككۆمار كە لە رابردوودا لە دەست كورد بووە، هەر لە دەستی كورددا بمێنێتەوە، بۆیە ئێستا و داهاتووش پێویستە كورد لەسەر ئەوە تەبا بین و پێ لەسەر ئەوە دابگرین كە كورد ئەم پۆستە سیادییە وەربگرێت.
هەرێم كەمال ئاغا گوتیشی: "قۆناغی ئێستا و داهاتووی كوردستان پێویستی بە ختابی سیاسیی یەكگرتوو و هاماهەنگی و هاوكاریی هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی باشتر بۆ نەتەوە و نیشتمانەكەمان، چونكە ئەم قۆناغەی ئێستای عێراق، بە شێوەیەكی گشتی لە قەیرانێكی سیاسیی ئابووریی ئەمنیی گەورەدایە و ناكرێ كورد چاوەڕێ بكات تا دۆخی عێراق چاك دەبێ ئێمە ئەو كاتە بزانین چیمان دەست دەكەوێ و چی بكەین، بەڵكو دەبێ ئێمە رۆژ بە ڕۆژ و قۆناغ بە قۆناغ هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی بتوانین دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان بەدەست بهێنین، چونكە ئێستا قۆناغێكی گونجاوە تا كورد داواكارییەكانی خۆی بەدەست بهێنێ، ئەو داواكاریانەش بە تەنیا بە لایەنێك ناكرێ، بەڵكو هەموومان دەبێ هاودەنگ و هاوڕا بین و كار بۆ ئەوە بكەین ئەم قۆناغەی ئێستا و داهاتوو ببێتە قۆناغی بەدەستهێنانی ئاواتە نیشتمانی و نەتەوەییەكانمان، بە تایبەت كە ئێستا عێراق لە قەیراندایە و كوردیش دەتوانێ سوود وەربگرێ لەوەی كە مافی نەتەوایەتیی خۆمان دەستەبەر بكەین، منیش قۆناغێكی باش و گونجاو دەبینم و كورد نابێ ئەم هەلە لە دەست بدات.




