سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا کۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەڵاحەدین، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لەگەڵ شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی بەڕێوە چوو، باس لە ڕەوشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی کرا و پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی 30ـی نیسانی 2014ـی عێراق و هەرێم و داهاتووی سیاسیی عێراق دوای هەڵبژاردنەکان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە کەشێکی زۆر ئیجابی و دۆستانەدا بەڕێوە چوو، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بەرانبەر ئەگەرەکانی داهاتووی عێراق و پرۆسەی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان یەکهەڵوێست بن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی 30ـی نیسانی 2014 لە هەرێم کرا و سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد و خۆشحاڵیی خۆی بەرانبەر پێشکەوتنی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا دەربڕی.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرچیی زووتر کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێندرێت و هەموو هێزە سەرەکییەکانی هەرێمیش بەشداریی لەو کابینەیەدا بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ پێشوازیی گەرم و کۆبوونەوەکە دەربڕی و جەختیشیان لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق و دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە پێویستی دەزانێت کە هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن و جەختیشیان لەوە کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابمەرێت بۆ ئەوەی هێزە کوردستانییەکان خۆیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عیراق ئامادە بکەن.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی کوردستان. هەروەها گۆڕانکارییە نوێیەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و ناوچەکە باسی لێوە کرا.




