نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دا فەوجێک لە ئێزدییەکان و بۆ پاراستنی شنگال پێک بهێنرێت

هەولێر –KDP.info- سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاری پێكهێنانی فەوجێكی پێشمەرگەی دا بۆ قەزای شنگال و ئەندامانیشی لە ئێزدییەکان دەبێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان دەخیل، بە KDP.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ خۆی و شاندێكی دەڤەری شنگال سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانییان كردووە و لە چاوپێكەوتنێكدا دۆخی شنگال خراوەتە بەر باس، بە تایبەت ئەم ڕووداوانەی دوایی کە بەسەر قەزای شنگالدا هاتوون و لە ناوچەی ڕەبیعە ژمارەیەک لە ئێزدییەکان کوژراون و چوار کەسی دی لە ئێزدییەکان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە بە دەستی تیرۆریستان کوژراون.
ڤیان دەخیل كە پەرلەمانتاری عێراقە وەك نوێنەری شنگال چووەتە لای سەرۆکوەزیران، گوتیشی "لە چاوپێكەوتنەكەدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كوردستان باسی بارودۆخی ئەو خێزانە ئێزیدیانەمان كردووە كە لەژێر هەڕەشەی گرووپە چەكدارییەكانی ناوچەی رەبیعەدان لە ناوچەكانی نەینەوا و نێچیرڤان بارزانییش نیگەرانیی خۆی لە بارودۆخەكە نیشان داوە و رایگەیاندووە كە ئەو فەرماندەی هێزەكانی زێرەڤانی عەزیز وەیسی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی فەوجێك لە هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستی ئەو خێزانانە لە دەست گرووپە چەكدارەكان".
بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 4 هەزار خێزانی كوردی ئێزیدی كە كاری كشتوكاڵی دەكەن لە رەبیعە بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەكدارەكانەوە رایانكردووە و گەڕاونەتەوە شنگال، ئەم راگواستنەیش دوای كوژرانی 6 گەنجی ئێزیدی هات كە پێش چەند رۆژێك لەلایەن گرووپێكی چەكدارەوە كوژران. پێشتر ئاگادار كرابوونەوە كە دەبێ لە ماوەیەكی دیاریكراودا ناوچەكە بە جێ بهێڵن، بەڵام گروپەكە لە كاتی باركردنی خێزانەكان ئەو شەش گەنجەیان كوشت.
بڵند ئیبراهیم




