٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەعدی ئەحمەد پیرە: یەكێتی قەت بڕیاری ئەوەی نەداوە ببێتە ئۆپۆزسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی کوردستان، سەعدی پیرە ڕایدەگەیەنێـت كە، یەكێتی هیچ كاتێك بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی نەداوە. دەشڵێت: "گرفتمان لەسەر دیاریكردنی جێگری سەرۆكی حكوومەت نییە."

 

لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكوومەت و بەشداریی یەكێتییەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە، بۆ KDP.infoگوتی: "یەكێتی هۆكار نەبووە لە دواكەوتنی حكوومەت و نەیگوتووە نایەمە ناو حكوومەتەوە، چونكە یەكێتی خۆی بە لایەنێكی بەرپرس دەزانێ لە ئیدارەكردنی كوردستان و ئەم قۆناغەی ئێستا، بۆیە یەكێتی ئەو بەرپرسیارەتییەی لەسەر شانیەتی لە پێشخستن و گەشەپێدانی هەرێم بە هاوپەریمانی و هاوبەشی لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستان تا گەیاندنی هەرێمی كوردستانی عێراق بە كەناری ئارام و گەیشتن بە دواقۆناخ، دەبێ مەسئولییەتی خۆی بە جیددی وەربگرێ."

گوتیشی: "ئەگەر رەخنەیەك یاخود گلەییەك یانیش هەڵوێستێك هەبووبێ لەوەوپێش لەو چوارچێوەیەدا بووە كە هەندێك یاری بە ناوی هاوپەیمانەتییەوە بكرێ ئەو یارییە لە خزمەت هیچ لایەنێكدا نییە و بەو شێوەیە ئەو كۆبوونەوانەی ئێستای پارتی و یەكێتییش درێژەپێدانی ئەو كۆبوونەوانەیە كە لە نێوان هەردوو لادا هەیە و بەردەوام دەبێ و، هەندێك لەو كۆبوونەوانەش لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێمە كە لەگەڵ هەردوو وەفدی دانوستانكار بە یەكەوە دەیكەن."

دەربارەی هەواڵی بەئۆپۆزسیۆنبوونی یەكێتی، سەعدی پیرە گوتی: "یەكێتی قەت بریاری ئەوەی نەداوە ببێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تا نەگاتە ئەو جێیەی كە ئیستحقاقی ئینتخابی و قورسایی مێژوویی خۆیەتی كە لە خزمەتی جەماوەردا دەبێت، یەكێتی بۆ قۆناخێكی دیاریكراو لە روانگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییەوە هاوپەیمانەتی ناكات."

ئەوەشی خستە ڕوو كە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ و چەند رۆژی داهاتوو كە دەكرێن، ئەكید بەو ئاقارەیە كە ئاستەنگەكان لە بەردەم پێكهێنانی حكوومەت نەمێنن. گوتیشی: "لە دەستنیشانكردنی جێگری سەرۆكی حكوومەت هیچ كێشەیەكمان نییە".

هەواڵی پەیوەندیدار