٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا جومعە: ئەوەی پەیەدە بەرامبەر كورد لە رۆژئاوا دەیكات رژێمی سووریا نەیكردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-تایبەت بەKDP.info- ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی لە لایەن پەیەدەوە هەڕەشەیەكی زۆری لەسەرە، بەڵام بە هەر جۆرێك بێت، سعوود مەلا دەگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان. ئەو گوتیشی، رژێمی سووریا ئەم جۆرە كارانەی بەرامبەر بە كورد نەكردووە، كە لە ئێستادا پەیەدە دەیكات.

 

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا مستەفا جومعە، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا، سعوود مەلا هەوڵی دا بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ ئەوەی درێژە بە خەباتی سیاسی و مەدەنیی خۆی بدات، بەڵام پەیەدە رێگریی لێ كرد و رێگەی نەدا بگەڕێتەوە، بۆیە لە ئێستادا هەوڵ دەدەن رێگەیەكی دیكە ببیننەوە و بە هەر جۆرێك بێت پێویستە تا یەك دوو رۆژی دیكە بگەڕێتەوە.

مستەفا جومعە گوتیشی: پەیەدە بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی حزبەكەی ئێمە دەكات، چونكە باش دەزانێت كە پێگەی ئێمە لە رۆژئاوای كوردستان زۆر بەهێزە و جەماوەرێكی باشی هەیە.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا زیاتر گوتی: دژایەتیكردنی پارتەكەی ئێمە لە لایەن پەیەدەوە بە فەرمانی رژێمی سووریایە، چونكە دیارە ئەوان پشتگیری لە رژێمی سووریا دەكەن و بە ئاشكرا رژێمی سووریا لە قامشلۆ و حەسەكە و ناوچەكانی دیكە هەیە.

مستەفا جومعە ڕوونیشی كردەوە: ئێمە ترسمان لەوە هەیە ئەگەر سعوود مەلا بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوا ژیانی لە مەترسیدا بێت، چونكە ئەگەری دەستگیركردن و ئازاردانی هەیە، لەبەر ئەوەی چەندین ئەندامی ئێمەیان دەستگیر كردووە و، هەیە بە 20 ساڵ حوكم دراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە رژێمی سووریا ئەم جۆرە كارانەی بەرامبەر بە كورد نەكردووە، كە لە ئێستادا پەیەدە دەیكات.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار