هەرێم کەمال ئاغا: یەکێتى بەشدارى لە حکوومەتدا دەکات... قۆناخەکە وا دەخوازێ

هەولێر-KDP.info- ئەندامیکى سەرکردایەتیى یەکێتیى دەڵێت، بەشداریکردنى یەکێتى لە حکوومەتى داهاتوو گرینگە و گوتیشی لە چەند رۆژى داهاتوودا بابەتى بەشداریکردنەکە یەکلا دەبێتەوە.
ئەندامى سەرکردایەتىی یەکێتیى و بەرپرسى مەڵبەندنى چوارى ئەو حیزبە لە دهۆک، هەرێمى کەمال ئاغا لەبارەى بەشداریى یەکێتى لە حکوومەت لە لێدوانێکدا بۆKDP.info گوتى: "دوای سەردانى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ لاى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، لەسەر پرسى بەشداریکردن لە حکوومەت، یەکێتى رایگەیاند کە، بەشداریى حکوومەتی یەکریزیى نیشتمانى دەکات و ئەو یەکریزییە نیشتیمانیەش تارادەیەک هاتووەتە جێ، بەڵام ئەوەى کە جێگاى گلەیى یەکێتىی بوو بەرامبەر پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر هەندێ پۆست، ئەوەش لە چەند رۆژى داهاتوودا یەکلا دەکرێتەوە و بەشدار دەبین لە حکوومەت، چونکە قۆناغى ئێستا پێویستى بە هەموو لایەنەکانە بەتایبەتى یەکێتى و پارتى و یەکدەستى و یەکگوتاریی حکوومەت گرینگە، هەردوو پێکهاتە بەشداریى کارایان هەبێت و هیوادارین حکوومەتیک پێک بهێنرێت کە وەڵامى داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان بیت".




