٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی داوا دەکات دژبە هەوڵی دەستكاریكردنی دەنگی كورد لە کەرکووک یەکدەنگ بن

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك -KDP.info-بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بڕیاری ڕەوانەكردنی 158 سندووق بۆ بەغدا لە دەرەوەی هەموو ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنە و گومان دەكرێت مەبەست لە بردنی ئەو سندووقانە بۆ شاری بەغدا، دەستكاریكردنی ئەنجامەكان بێت.

دوای ئەوەی (158) سندووق لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە قردێلەی سووریان لێ درا، بۆ لێكۆڵینەوە لەو كێشەیە، لیژیەك لە دەستەی كۆمسیارانەوە لە بەغداوە هاتنە شاری كەركووك، بەڵام دواتر بە نووسراوێكی فەرمی بە ژمارە (ش.م30) لە 7/5/2014ـی بەشی بڕیاردان و دووبارەبوونەوە، لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران كە ئیمزای (وائل وائلی) لەسەرە، داوا كرا ژمارەیەك لەو سندووقانە كە ژمارەیان (83) سندووقە و زۆرینەی بریتین لە سندووقی دەنگدانی بنكەكانی ناوچە عەرەبنشینەكانی شاری كەركووك و نزیكەی (10) سندووقی گەڕەكە كوردییەكانی شاری كەركووكە، ئەویش بە مەبەستی ئەژماركردنەوە و دیاریكردنی چارەنووسیان ڕەوانەی شاری بەغدا بكرێن.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان عەدنان كەركووكی، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: بڕیاری ڕەوانەكردنی ئەو سندووقانە لە دەرەوەی هەموو ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنە و گومان دەكرێت مەبەست لە بردنی ئەو سندووقانە بۆ شاری بەغدا، دەستكاریكردنی ئەنجامەكان بێت، دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن كە بە ڕاستی دەنگی كورد لە كەركووك مەترسیی ڕاستەقینەی لەسەرە.

كەركووكی زیاتر گوتی: ئێمە پێشبینیی ئەوە دەكەین كە ئەم بردنی سندووقانە داواكاریی تری بە دواوە بێت و باڵ بكێشێت بۆ سندووقی ناوچە كوردییەكانیش، وەك ئەوەی ساڵی 2010 لە بنكەی دەنگدانی قوتابخانەی هەورامان ڕووی دا و ڕێژەیەكی زۆری دەنگەكانی كورد لەو بنكەیە بە بێ هۆ پووچەڵ كرانەوە.

ئەو هەروەها ئاماژەی دا: ئێمە وەك پارتی هەڵوێستی خۆمان ڕاگەیاندووە و بە توندی دژی ئەو هەنگاوەی كۆمسۆنین و هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە هەوڵی دەستكاریكردنی دەنگی كورد نەدەن، تكامان وایە سەرجەم لایەنە كوردییەكانی كەركووك بچنە سەرخەت و دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوەی كۆمسیۆن ڕابگەیەنن و لە بەرانبەر ئەم مەترسییە راستەقینەیەدا یەكهەڵوێست بن.

شایانی باسە، بە هۆی ئەو سكاڵایانەوە لایەنە عەرەبەكانی شاری كەركووك لە بنكەكانی ئەژماركردنەوەی دەنگەكان، بەیاننامەیەكیان دەركردووە و كشانەوە و مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، تا ئێستاش بە پێی ئەنجامە بەراییەكان لایەنە عەرەبەكانی كەركووك توانیویانە تەنیا (2) كورسی بە دەست بهێنن.

هیوا حوسێن ئەمین

هەواڵی پەیوەندیدار