سوپای عێراق بۆ بەدەستخستنەوەی فەلـلوجە هێرشی سەربازی بەرپا کرد

هەولێر-ئاژانسەکان-KDP.info- سوپای عێراق بۆ بەدەستخستنەوەی شارۆچکەی فەلـلوجە کە لە دێسەمبەر- کانوونی یەکەمەوە لە دەست چەکدارانی داعشدایە، هێرشی سەربازی بەرپا کرد.
ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند کە، چەند یەکەیەکی سوپا بە پشتیوانیی لیوای زریپۆش، ئەم سەرلەبەیانییە هەڵمەتێکی سەربازییان بۆ دەوروبەری فەلـلوجە کە زۆرینەی دانیشتوانی سوننەمەزهەبن، بەرپا کرد کە چەکدارانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستیان بەسەردا گرتووە.
وەزارەتی بەرگری هەروەها دەڵیت، سەربازانی سوپا، زۆرێک لە چەکدارانی داعشیان کوشتووە و دەستیان بەسەر ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە، هەروەها دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە چەکداران لە شەڕەکاندا دژبە هێزەکانی حکوومەت بە کاریان هێناون.
سەرچاوەکانی تەندروستی ئاماژەیان دا کە بە هۆی بۆردومانی ئەمڕۆ هەینیی هێزەکانی سوپاوە بۆ سەر فەلـلوجە، لانی کەم 13 کەس کوژراون و زیاتر لە 27 کەسی دیکەیش بریندار بوون، هاوکات بە هۆی بۆردومانەکەوە ژمارەیەک مزگەوت و ماڵ زیانیان بەر کەوتووە.
فەلـلوجە کە دەکەوێتە 60 کم باکووری ڕۆژئاوای بەغداوە، نزیکەی 700هەزار کەس ڕێژەی دانیشتوانەکەیەتی، لە سەرەتای ساڵی 2014-ەوە و بە هۆی شەڕەکانی چەکداران دژبە سوپای عێراق، 300 کەس کوژراون و زۆرینەیان لە هاووڵاتیانی سڤیلن.




