سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کرد

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی لە میانەی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سەبارەت بە بەشداریی كورد لە دانوساندنەكان و حكوومەتی ئایندە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق جەختی لە ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەتی كردەیی لە حوكمڕانیی عێراقدا كردەوە و، ڕایگەیاند، "پێویستە هەموو لایەك چاوەڕێی ئەنجامی ڕەسمیی هەڵبژاردنەكان بین و لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەكان قسە لەسەر هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی تازەی عێراق بكرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ـی 5ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی، پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراقی فیدڕاڵ، نیكولای ماڵدینۆڤ كرد.
لە دیدارێكدا دواپێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجام و كاریگەرییەكانی ئەم هەڵبژاردنە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕاگەیاند و هیوای خواست كە ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی ببێتە هۆی باشتربوونی بارودۆخی ئاساییشی عێراق و كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی و دروستبوونی گۆڕانكاریی ئیجابی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا.
سەبارەت بە بەشداریی كورد لە دانوساندنەكان و حكوومەتی ئایندە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی جەختی لە ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەتی كردەیی لە حوكمڕانیی عێراقدا كردەوە و هێمایشی بەوەدا كە پێویستە هەموو لایەك چاوەڕێی ئەنجامی ڕەسمیی هەڵبژاردنەكان بین و لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامەكان قسە لەسەر هێڵە گشتییەكانی حكوومەتی تازەی عێراق بكرێت.
لەم دیدارەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەیی خۆی و ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی یارمەتیی لایەنە سیاسییەكانی عێراق بدات لە پڕۆسەی دانوساندن و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.




