لە دیالە کورد دوو کورسیی مسۆگەر کردووە

خانەقین- تایبەت بەKDP.info- لقی 15-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان جگە لە دەنگەکانی تایبەت و ئاوارەکان، لیستی ئاشتیی کوردستانی دوو کورسیی مسۆگەر کردووە.
بەرپرسی مەکتەبی ھەڵبژاردنی لقی 15-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، حاکم حەسەن، بۆ kdp.info گوتی: لە سنووری پارێزگای دیالە لە کۆی 827ھەزار دەنگدەر 527ھەزار کەس دەنگی داوە کە دەکاتە 60%-ی خەڵکی ئەو پارێزگایە بەشدارییان لە ھەڵبژاردندا کردووە.
حاکم حەسەن گوتیشی: لەو رێژەیە تاوەکو ئێستا لیستی ئاشتیی کوردستان زیاتر لە 54ھەزار دەنگی ھێناوە و ئەگەر دەنگەکانی تایبەت و ئاوارەکانیش جیا بکرێنەوە، رێژەی دەنگەکانی کورد دەگاتە نزیکی 59 ھەزار دەنگ.
ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان راشیگەیاند: بەپێی ئەو ئەنجامە بێت لە کۆی 14کورسی لە دیالە، کورد 2کورسیی مسۆگەر کردووە، کورسیی یەکەمیان بۆ کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هیی دووەمیش بۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت.
زیاتر گوتی، تائێستا دەنگەکانی تایبەت جیا نەکراونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داھاتوو دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی تایبەت بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




