٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی 12: پارتی لە هەڵەبجەیش دەنگەكانی زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info-بەرپرسی لقی 12ـی پارتی لە هەڵەبجە دەڵێت، ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرەوڕووی مۆدێلێكی نوێی كاركردنی حزبایەتی  بووینەوە كە نە لە دەستەڵات بووین و نە ئۆپۆزسیۆن، هیچ جۆرێك لە دەسەڵاتمان نەبوو لەناو فەرمانگە و ئۆرگانە حكوومییەكان و دەنگەكانیشمان زیادی كردووە.

لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info، بەرپرسی لقی 12ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە سەعید پشدەری گوتی: لە كاتێكدا كە ئێمە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەرەوڕووی مۆدێلێكی نوێی كاركردنی حزبایەتی  بووینەوە كە ئەویش ئەوە بوو ئێمە نە لە دەسەڵات بووین و نە ئۆپۆزسیۆن بووین، بۆیە زۆر كات ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست ئەدای كارەكانمان بكەین و بتوانین بەدواداچوون بۆ كارەكانی خۆمان بكەین لەلایەك جەماوەری پارتی و خەڵكی سنوورەكە پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستان حزبی پلە یەك و باڵادەستە لە دەسەڵاتدا، بۆیە چاوەڕوانییەكی زۆریان هەبوو لە هەمان كاتیشدا ئێمە لە سنووری لقی 12 هیچ جۆرێك لە دەسەڵاتمان نەبوو لەناو فەرمانگە و ئۆرگانە حكوومییەكانی ئەو سنوورە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشتر، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی 700 دەنگی زیادی كردووە.

لەبارەی زیادبوونی دەنگەكانی پارتی، سەعید پشدەری گوتی: "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاشنابوونی زیارتی خەڵكی ئەو دەڤەرە بە سیاسەتە راستگۆیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و كردار و گوتاری پارتی كە لە رابردوودا زۆرێك لە پارتە سیاسییەكان ڕووبەڕووی وتار و دروشمی زەق بوونەوە، بەڵام لە بورای كرداردا هیچی بەرجەستە نەكراوە، ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە هەموو كاتێك دروشمەكانی كردووە بە كردار، بۆیە پێمان وایە ئەوە یەكێك بوو لە هۆكارەكان كە رێژەی دەنگەكانی پارتی لە هەڵەبجە ڕوو لە زیادبوون بكات.

بەرپرسی لقی 12 ئەوەشی خستە ڕوو: سیاسەتی ئێمە لە قۆناغی ئێستادا جیاواز لە قۆناغەكانی رابردووە، ئێمە بەپێی ئستیحقاقی ئینتخابیی خۆمان لە هەموو شوێنەكانی كوردستان بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە، داوای ئستیحقاقی ئینتخابیی خۆمان دەكەین و بەشدار دەبین لە هەموو ئەو جومگانەی كە پەیوەندی بە باری دەسەڵات و فەرمانڕەوایی هەیە.

پشدەری گوتیشی: ئەم دەنگدانە لە قەزای هەڵەبجە كە دەڵێم قەزای هەڵەبجە مەبەستمان ئەوەیە وەكو قەزا ئەم جارە دەنگی داوە بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەگەر بێتو جۆری دەنگدانەكە بۆ حكومڕانیی خۆجێیی پارێزگای هەڵەبجە بووایە، ئێمە پێمان وایە رێژەی دەنگەكانی پارتی لە ئێستاش زۆر زیاتری دەكرد، بۆیە ئێمە كار بەو ئەنجامە ناكەین بۆ پڕكردنەوەی جومگەكانی دەسەڵات لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و پێمان وایە كە بە شێوەیەكی كاتی رەنگە پێویست بێ پێكهاتەیەكی كاتی دابنرێ بۆ بەڕێوەبردن، بەڵام دواتر دەبێ زەمینەسازی بكرێ بۆ ئەوەی پارێزگای هەڵەبجەش وەكو هەموو پارێزگاكانی كوردستان و عێراق هەڵبژاردنی تایبەتی بۆ بكرێ، چونكە لەوێ ئێمە دڵنیاین ئاڕاستەی دەنگدانەكان بە جۆرێكی تر دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار