200 ملیۆن دۆلار لە مەشقكردن بە پۆلیسی عێراقدا بەفیڕۆ چووە

حكوومەتی ئەمەریكا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی لە پرۆگرامی تایبەت بە مەشقكردن بە پۆلیسی عێراقدا خەرج كردووە، بەڵام نەبوونی پلانێكی سەركەوتوو لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە وای كردووە، پڕۆژەكە شكست بهێنێت.
حكوومەتی ئەمەریكا پلانی ئەوەی هەبوو، مەشقكردن بە پۆلیسی عێراق لە چوارچێوەی پرۆگرامێكی گرنگدا بێت بە جۆرێك كە بۆ ماوەی 5 ساڵ بەردەوام بێت و ملیارەها دۆلاریشی تێ بچێت، بەڵام بێ پلانی حكوومەتی عێراق وای كردووە ئەمەریكا ئەم پرۆگرامە هەڵوەشێنێتەوە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا 350 ڕاوێژكاری بۆ ئەم پرۆگرامە دانابوو، بەڵام 2 مانگ پێش ئێستا ژمارەیان بۆ 85 كەس كەم كرایەوە و ئەم مانگەیش ژمارەیان كرایەوە بە 36 كەس.
نووسینگەی پشكنەرانی تایبەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت: نەبوونی پلان لە لایەن بەرپرسانی حكوومەتی عێراقەوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆگرامە وای كردووە، ئەمەریكا بڕیاری داخستنی ئەو ئەكادیمیانەیش بدات، كە بڕیار وابوو مەشقەكانی پۆلیسی تێدا بەڕێوە بچێت، لەوانەیش ئەكادیمیای كۆلیژی پۆلیسی بەغدا و كۆلیژی پۆلیسی بەسرە.
حكوومەتی ئەمەریكا بڕی 206 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بۆ تەواوكردنی باڵەخانەی ئەم ئەكادیمیانە خەرج كردبوو، بەڵام ئێستا بڕیاری داوە، هەردووكیان دابخات.
بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكە باس لەوە دەكات حكوومەتی عێراق كار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆگرامە ناكات.
نووسینگەی پشكنەرانی تایبەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەڵێت: لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕاوێژكارە ئەمەریكیەكان چەندین جار داوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتە ئەمنییەكانی عێراق كردووە، بەڵام زۆربەی جار ئەم بەرپرسانەی عێراق ئامادەی كۆبوونەوەكان نەبوون.
ڕاپۆرتەكە هەروەها دەڵێت، ڕاوێژكارانی ئەمەریكی پاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق تەنانەت زۆر بە زەحمەت دەتوانن بەرپرسانی پۆلیسی عێراق ببینن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە حكوومەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2003ەوە 8 ملیار دۆلاری بۆ مەشقكردن بە پۆلیسی عێراق خەرجكردووە، بەڵام پۆلیسی عێراق هێشتایش توانای ئەوەی نییە ئەركەكانی بە سەركەوتویی ڕاپەڕێنێت.
ئەم ڕاپۆرتە سیاسەتی شكستخواردووی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی (نووری مالیكی) لە بواری ئاسایشی وڵاتدا دەردەخات، چونكە سەرەڕای هەبوونی سەدان هەزار پۆلیس تا ئێستایش هاووڵاتیان لە سەلامەتی و ژیانیان دڵنیا نین و مانگانەیش سەدان كەس دەبنە قوربانیی تەقینەوە و توندوتیژییەكان.




