هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیا بره‌و به په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن

ئێواره‌ى دوێنێ سێشه‌ممه 31ى ته‌ممووزى 2012 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت پێشوازی له میخائیل بۆ‌گدانۆڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له یووری سینتیوورین جێگری وه‌زیری وزه‌ی ڕووسیا و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسان و یاریده‌ده‌ران له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و كونسوڵگه‌رى ڕووسیا له هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه كه‌ریم سنجارى وه‌زیرى ناوخۆ، د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به گرنگیى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیاى فیدرال دا و گوتى "ئێمه به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانینه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ڕووسیاى فیدڕاڵ و دڵنیاین ده‌رفه‌تى گونجاو بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانمان هه‌یه". هاوكات باس له په‌یوه‌ندیى مێژوویى و له مێژینه‌ى نێوان هه‌ردوولا كرا و تیشك خرایه سه‌ر چۆنیه‌تیى سوودوه‌رگرتن له‌و په‌یوه‌ندییانه بۆ قۆناغى داهاتوو.
هاندانى كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى ڕووسیا بۆ هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تیى بره‌ودان به هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوانیان له بواره جۆراوجۆره‌كان له‌پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولا ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.
لاى خۆیه‌وه میخائیل بۆ‌گدانۆڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیای فیدراڵ ڕایگه‌یاند كه ڕووسیا به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا و ئاره‌زووی زۆریشى بۆ دروستكردنى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز له سه‌ر بنه‌ماى سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش هه‌یه. هه‌روه‌ها گوتى: "گه‌ل و حكوومه‌تى ڕووسیا هاوسۆزییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستاندا هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له نیو سه‌ده". هاوكات ستایشى ڕه‌وشى ئارامى كوردستان و ئه‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوانه‌ى كرد كه له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوودا به ده‌ست هاتوون.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی ڕووسیای فیدراڵ بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داوه‌تنامه‌یه‌كى له سه‌ركردایه‌تیى ڕووسیاى فیدڕاڵه‌وه ئاراسته‌ى نێچیرڤان بارزانى كرد بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانی ڕووسیای فیدراڵ بكات و سه‌رۆكى حكوومه‌تیش داوه‌تنامه‌كه‌ى قبووڵ كرد.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند "هه‌رێمى كوردستان ده‌رگاى واڵایه بۆ كۆمپانیا ڕووسییه‌كان و ده‌توانن به گوێره‌ى یاساى وه‌به‌رهێنان و له‌پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوو گه‌لى دۆست له سه‌ر ئاسته جیاجیاكان به‌شدارى له پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانى هه‌رێمدا بكه‌ن".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ ده‌رباره‌ى قه‌یرانى سیاسیى عیراق و پرسه‌كانى په‌یوه‌ست به هه‌رێم و حكوومه‌تى فیدراڵ و هه‌وڵه‌كان به زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا كرا و له‌م باره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانى پابه‌ندبوونى حكوومه‌تى هه‌رێمى به ده‌ستوورى عیراق دووپات كرده‌وه و گوتى "باشترین ڕێگه‌چاره بۆ كێشه سیاسییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنى ڕێكه‌وتننامه سیاسییه‌كان بۆ مسۆگه‌ركردنى هاوبه‌شیى ڕاسته‌قینه له پرۆسه‌ى حوكمڕانى له وڵات‌دا".




