٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەقیبی رۆژنامەنووسانی كوردستان: لەم هەڵبژاردنەدا حیزبەكان كاراكتەری سەرەكی بوون بۆ پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info-نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا كار بە پرەنسپەكانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نەكرا و بەرنامە و ئەجێندای سیاسی و حیزبی تێكەڵ بە كاری رۆژنامەنووسی كرا و هەروەها پێشێلكاریی زۆریش لە كاتی هەڵمەتی بانگەشی هەڵبژاردندا بەرامبەر رۆژنامەنووسان كراوە.

 

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان حاكم ئازاد محەممەد ئەمین، بۆ KDP.infoگوتی: ئێمە لە هەڵبژاردنی رابردوو و لەم هەڵبژاردنەشدا بەیاننامەیەكمان بڵاو كردەوە و داوامان لە سەرجەم لایەنە فەرمییەكانی حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان كرد لە كاتی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا، ڕێز لە پیشەی رۆژنامەنووسی بگرن و پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان نەكرێ، هەروەها داواشمان لە رۆژنامەنووسان كرد كە پرۆسەی هەڵبژاردن زۆر گرینگە بۆ كوردستان و نابێ بژاردە و ڕا تایبەتەكەی خۆتان لەسەر حیسابی زانیاری و ڕووماڵكردنی كارەكەی خۆتان بێ، ئەمەش بۆ هەردوو لایەن بوو.

گوتیشی: ئێمە لە هەڵبژاردنی رابردوودا پرۆتۆكۆڵیشمان بڵاو كردەوە و هەندێك پرۆتۆكۆڵیشمان بە دەزگاكانی راگەیاندنیش ئیمزا كرد بە تایبەتی دەزگا حیزبییەكان، بەداخەوە نە لە هەڵبژاردنی رابردوو نە لەو هەڵبژاردنەی ئێستایشدا كار بەو پرەنسپانە نەكرا و بەرنامە و ئەجێندای سیاسی و حیزبی تێكەڵ بە كاری رۆژنامەنووسی كرا،  بەداخەوە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا جۆرێك  قیچكەتەنگی هەبوو لەوەی كە لە كاری رۆژنامەنووسیدا بەدیمان كرد، بۆ نموونە هەندێك میدیاكار و پەیامنێری دەزگاكان خۆیان پێشلكارییان بەرامبەر بە هاووڵاتیان كردووە كە چوون لە پرۆسەی دەنگداندا بەشدار بن، لە هەمان كاتیشدا تەقە لە رۆژنامەنووس كرا بەوپێیەی كە ویستوویەتی ئەو خروقاتانەی كە كراون بە تایبەت تەزویركردنی ناوەكان لە كاتی وێنەگرتنیدا و تا ئێستاش ئەو برادەرە لە نەخۆشخانەیە. سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لقی كەركووكیش راپۆرتێكی لەسەر سەرجەم ئەو پێشێلكاریانە بڵاو كردەوە كە تایبەتن بە رۆژنامەنووسان لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن كە لە كەركووك و دەوروبەری كراوە، هەروەها لە سلێمانی لە هەڵەبجە لە كەلار لە رۆژنامەنووسیان داوە تەنانەت لە دەربەندیخان بە راشكاوی ئاساییش بە ئێمەی گوت كە ناهێڵن هیچ رۆژنامەنووسێك نزیك ببێتەوە.

حاكم ئازاد ڕوونیشی كردەوە: سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، سەركەوتنی ئیرادەی دیموكراتییە لە كوردستاندا، بەڵام بەداخەوە ئەم جارە پێشێلكارییەكی زۆر بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان كرا بە تایبەت لە كەناڵی حیزبەكان خۆیان، بە راستی ئەوەی ئێمە هەردەم پەنجەی تۆمەتمان بۆ درێژ كردوون لایەنی ئاساییش و پۆلیس بووە، بەڵام بەداخەوە ئەم جارە لایەنە حیزبییەكان پاڵەوان و كاراكتەری سەرەكی بوون بۆ پێشێلكاریكردن بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان، جا لەژێر هەر بیانوویەك بێ، بە تایبەت لە شاری سلێمانی.

 سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی پێشێلكارییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسان گوتی: راپۆرتی ئێمە هەر شەش مانگ جارێكە، بۆیە دوای ئەوەی كە سەرجەمی ئەو داتا و زانیاریانەی لقەكان بە تەئكیدكردنەوە دەگاتە دەستمان، دوای ئەوەی لەلایەن لق و نووسینگەكانەوە راستی پشتڕاست دەكرێتەوە و دەگاتە لیژنەی سەرەكیی داكۆكیكردن لە رۆژنامەنووسان، بە دڵنیاییەوە ئێمە هەموویان لە چوارچێوەی راپۆرتەكە بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزییش بڵاو دەكەینەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار