٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی سوێندی یاسایی خوارد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێڕ-KDP.info-  ئەمڕۆ 7-5-2014 دانیشتنی دووەمی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو و تێیدا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بڕیار درا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە تاوەكو هەفتەیەكی دیكە پرۆسەی ناونانی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی یەكلایی بكرێتەوە.هەر لە دانیشتی ئەمڕۆی پەرلەمانداسەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی سوێندی یاسایی خوارد و پرسی ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتیش لە هەفتەی داهاتوو یەکلا دەبێتەوە.

سەعات 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 7/5/2014، بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان "یوسف محەممەد سادق" و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان "جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی" و سكرتێری پەرلەمان "فەخرەدین قادر عارف"، دانیشتنی ژمارە (2)ـی ئاسایی خولی گرێدانی دووەمی ساڵی یەكەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو.

سەرەتای دانیشتنەكە سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە پێنج خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە سوێندخواردنی (خالد هادی چاوشلی) وەك سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان بە پێی ماددەی 18 لە یاسای دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی 2008، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان ‌و دەنگدان لەسەریان بەپێی ماددەكانی (37 و 38 و 39) لە پەیڕەوی ناوخۆی ژمارە (1)ـی هەمواركراوی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی كوردستانی عێراق، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژەیاساكانی (هەمواركردنی سێیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو، سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز، رێزلێنانی پێشمەرگە، كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت، هەمواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ـی ساڵی 2010، هەمواركردنی بەردەوامیی پێدانی پێشینەكان و كاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان ژمارە (4)ـی ساڵی 2006) بەپێی ماددەی (17)  لە پەیڕەوی ناوخۆی ژمارە (1)ـی هەمواركراوی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی كوردستانی عێراق، خاڵی چوارەمی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێی بڕگەی (3) لە ماددەی (56)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو و بڕگەی (12) لە ماددەی دەیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو، خاڵی پێنجەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی (د. ئەرسەلان باییز) لە ئەندامەتیی پەرلەمانی كوردستان بەپێی بڕگە (3) لە ماددەی (56)ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمامی كوردستان ژمارە (1)ـی هەمواركراوی ساڵی 1992ـی پەرلەمانی كوردستانی عێراق.

پاشان بە پێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار "خالید هادی چاوشلی" كە لە رۆژی 81/6/2013 لە پەرلەمانی كوردستان متمانەی پێ درا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، سوێندی یاسایی خوارد.

سەبارەت بە خاڵی دووەمی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان، دوای خوێندنەوەی یەك بەیەكی ناوە پێشنیازكراوەكان لەلایەن فراكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە بۆ سەرجەم لیژنەكانی پەرلەمان، لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە خرانە دەنگدانەوە و پەسند كران.

بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كاریش، لەلایەن لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمانەوە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكانی (هەمواركردنی سێیەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ژمارە (1)ـی ساڵی 2005ـی هەمواركراو، سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز، رێزلێنانی پێشمەرگە، كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت، هەمواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان ژمارە (11)ـی ساڵی 2010، هەمواركردنی بەردەوامیی پێدانی پێشینەكان و كاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنی یاسای وەبەرهێنان ژمارە (4)ـی ساڵی 2006) كران و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمانی كردن بۆ تاوتوێكردنیان و ئامادەكردنی راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەكان لە بارەیانەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكان بۆ گفتوگۆكردنیان و پەسندكردنیان.

 پاشان لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە پێشنیاز كرا كە ریزبەندیی خاڵەكانی چوارەم و پێنجەمی بەرنامەی كار ئالوگۆڕیان پێ بكرێت و ئەم پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و  بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا و بەم شێوەیە قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی (د. ئەرسەلان باییز) لە ئەندامەتیی پەرلەمانی كوردستان دوای خوێندنەوەی دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە، خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسند كرا.

خاڵی پێنجەم و كۆتایی بەرنامەی كاریش كە بریتی بوو لە ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دوای گفتوگۆكردنی و خستنەڕووی بیرۆبۆچوونی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە بارەیەوە، پێشنیاز كرا كە پرسی ناونانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ ماوەی هەفتەیەك بە كراوەیی بمێنێتەوە و دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەم پێشنیازەش خرایە دەنگدانەوە و بە 59 دەنگ بەرامبەر بە 21 دەنگی دژ پەسند كرا.

 

هەواڵی پەیوەندیدار