هەرێمی کوردستان دەرگای وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ کۆمپانیا فەلەستینییەکان واڵا کرد

هەولێر-KDP.info-وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوای لە كۆمپانیا فەلەستینییەكان كرد سوود لە ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان وەربگرن بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان.
كۆڕبەندی كاری فەلەستینی بە چاودێریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوێنێی سێشەممە لە هەولێری پایتەخت دەستی بە كارەكانی كرد و، سیاوەیش هیوای خواست كۆمپانیا فەلەستینییەكان شانبەشانی هەزاران كۆمپانیای دیکەی بیانی كە لە هەرێمدا كار دەكەن بەشدار بن لەو پرۆسەی پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنەی كە سەرجەم بوارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.
روونشی كردەوە كە وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە كاری كردووە لە پێناوی پێشخستنی بواری پەیوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان.
وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەكانی كوردستان ئاماژەی دا بە ئەو پێشكەوتنانەی لە ئەنجامی پشتگیری و هاوكاریی راستەوخۆی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێم و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە، ئێستا بە دی هاتوون.
لای خۆیەوە وەزیری پەیوەندییەكانی فەلەستین، سەفا نەسرەددین لە لێدوانێكدا بۆ KDPگوتی "ئەمرۆ هاتووین بۆ هەرێمی كوردستان بە مەستی سازدانی كۆڕبەندی پیاوانی كاری فەلەستین كە دەیانەوێت كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكەن و، هاوبەشی كار بن لەگەڵ هاوپیشەكانیان لە هەرێمی كوردستان".
رایشیگەیاند كە كۆڕبەندەكە تایبەتە بە بازرگانیی خزمەتگوزاری و خزمەتگوزاریی كار و راوێژكاری و خزمەتگوزارییەكانی تەكۆنالۆژیای زانیاری و بەرنامەسازی، گوتیشی زیاتر لە 25 كۆپانیای فەلەستینی ئامادەی كۆڕبەندەكەن، هاتوون بۆ هەولێر بە مەبەستی ئاڵگۆڕكردنی پسپۆرییەكانیان لەگەڵ وەبەرهێنەرەكانی هەرێمی كوردستان، لەپێناوی وەبەرهێنان و كردنەوەی كۆمپانیای نوێ لە هەرێم.
جێگەی ئاماژەیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رابردوو و ئیستایشدا توانیویەتی ستراتیژی سەركەوتوو هەبێت لە راكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و عەرەبی بۆ كوردستان، بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی گەشەپێدان هەرێم و بە هەزاران کۆمپانیای بیانی و خۆماڵیش لە بوارگەلێکدا کاری وەبەرهێنان دەکەن.
هەولێر / دلشاد دلۆ




