پارتی لە كەركووك زیاتر لە (60000) دەنگی بە دەست هێناوە

کەرکووک-KDP.info- لە كەركووك پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەرەو كۆتا دەچێت و پارتییش زیاتر لە (60000) دەنگی بەدەست هێناوە.
ماوەی (6) ڕۆژە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگدانی گشتی لە شاری كەركووك بەردەوامە و لە ئێستاشدا بەرەو كۆتایی دەچێت.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك –گەرمیانی (پ.د.ك) عەدنان كەركووكی، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: لای هەمووان ئاشكرایە بارودۆخی شاری كەركووك بارێكی تایبەتە و چاودێرانی سیاسی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات گرینگییەكی زۆری پێ دەدەن، دوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، ماوەی شەش ڕۆژە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامیی هەیە، چاودێرەكانمان هەواڵیان پێ داوین كە لە ئێستادا پرۆسەكە بەرەو كۆتای دەچێت و بەشێكی كەمی ماوە.
كەركووكی زیاتر گوتی: لە شاری كەركووك (158) سندووق قردێلەی سووریان لەسەرە، كە بەشی هەرە زۆری سندووقی بنكەكانی ناوچە عەرەبنشینەكانی شاری كەركووكە، كە بریتین لە شارەكانی (ریاز، حەویجە، زاب، رەشاد، عەباسییە)، لە ئێستایشدا لیژنەیەك لە ئەنجوومەنی كۆمیسیارانەوە لە شاری بەغداوە هاتوون بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو سندووقانە.
گوتیشی: بەپێی دواین ئامار كە بە دەستی ئێمە گەیشتووە، پارتی لە شاری كەركووك جگە لە دەنگدانی تایبەت و دەرەوەی وڵات، زیاتر لە (60000) دەنگی بە دەست هێناوە.
هیوا حوسێن ئەمین




