سەرۆک بارزانی بەشداریی پێشانگای سۆفێکسی سەربازی لە ئوردن کرد

ھەولێر- KDP.info- سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاعەبدوڵڵا بەشداریی پێشانگای سۆفێكسی سەربازی لە ئوردن کرد.
لە درێژەیی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ شانشینی ئۆردۆن، ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی 5ـی 2014 لە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی بە ئامادەبوونی شاعەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن بەشداری لە پێشانگای سۆفێكس كرد كە بۆ نمایشكردنی چەك و كەلوپەل و كەرەسەتەی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی لە پایتەختی شانشینی ئوردن و لەژێر چاودێریی پادشای ئەم وڵاتە كراوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ لەم پێشانگایە كە بە بەشداریی 371 كۆمپانیای جیهانی لە 52 وڵات كراوەتەوە و 600 كەسایەتی و سیاسەتمەداری جیهانی بانگهێشت كراون، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و پادشای ئۆردۆن كۆمەڵێك چالاكیی سەربازی لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی كردەی تیرۆریستی نماییش كران.
شایانی باسە لە پەراوێزی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتی ئوردن ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی 5ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری، بەشداری چەندین دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سیاسی و گەورەبەرپرسانی شانشینی ئۆردۆن بوونە.
سۆفێكس لە ساڵی 1996-ەوە لەلایەن شاعەبدوڵڵاوە دامەزراوە و بە یەكێك لە پێشانگا سەربازییە جیهانییەكان دادەنرێت.




