مەحموود عوسمان: هەڵەیە نووری مالیكی ببێتەوە سەرۆكوەزیران
__2014_05_06_h17m52s15__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- دكتۆر مەحموود عوسمان دەڵێت، دەبێ كورد سیاسەتێك دابڕێژێت كە چیی دەكات و لەگەڵ كێ هاوپەیمانی دەبەستێت، چ ئەوانەی زۆریان هێناوە یان كەم. هاوکات گوتی "مالیکی، 8 ساڵی خۆی بەڕێ كردووە و سەركەوتوویش نەبووە لە سیاسەتدا، جگە لەوەش بگرە نەیتوانیوە لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكانیش رێك بێ."
سیاسەتمەدار و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كوتلەی هاوپەیمانیی كوردستانی مەحموود عوسمان، لە لێدوانێكیدا بۆ KDP.infoسەبارەت بە ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەم جارە و رێژەی دەنگی كورد گوتی: بە ڕای من ژمارەی كورسی گرنگ نییە لە حاڵەتی وادا، ئەم كێشەیە، كێشەیەكی سیاسییە لە نێوان سەركردایەتیی كورد بە گشتی و لە سەركردایەتیی ئەو كەسەی كە لە بەغدا حكوم دەكات، واتا حكوومەتی بەغدا لە ماوەی 11ساڵی رابردوودا كێشەكانی چارە نەكردووە و پێشكەوتنی بەخۆوە نەدیوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە دوا كەوتووە.
گوتیشی: پێگەی ئێمە لە عێراقدا پەیوەندی بە سەرکردایەتیی سیاسیی كورد و سەرکردایەتیی بەغداوە هەیە بە تایبەتی جێبەجێكردنی دەستوور وەك خۆی.
مەحموود عوسمان ڕوونیشی كردەوە: ئایا دەستوور جێبەجێ دەكرێ یان نا، ئایا شەریك دەبین یان نا، ئەمانە دەبێَ زیاتر ساخ بكرێنەوە، چونكە ژمارەی پەرلەمانتار لە بەغدا ئەگەر زیاتریش بێ لە ئێستا راستە باشترە، بەڵام ناتوانێ هاوكێشەكە بگۆڕێ، بۆیە مەسەلەكە لە بەینی سەرکردەکانی هەردوولادایە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی دا: ئەو كێشانەی هەلًپەسێردراون، هیچیان چارەسەر نەكراون، بۆیە دەبێ سەرتاپا سەركردایەتیی كورد بە هەموو حزبەكانەوە چاوێك بخشێننەوە بە سیاسەتەكانیاندا، بە هاوپەیمانەكان لەگەڵ ئەوانەی بەغدا كە چۆن سیاسەت دادەڕێژن، ئەمەش ئیشی زۆری دەوێ.
گوتیشی: دەبێ كورد لەناوخۆدا یەك بێ كە ئێستا یەك نییە و لێدوانی جیاجیا دەبیستین لەلایەن لایەنە سیاسییەكان و ئەو یەكێتییەی ئێمە دەمانەوێ نییە، ئێمە دەخوازین حكوومەت زوو دروست بكرێ و ئەم حزبانە هەموو بەیەكەوە لەو حكوومەتەدا دانیشن لەگەڵ پەرلەمان و سیاسەتێك دابڕێژن كە چیی دەكەن و لەگەڵ كێ هاوپەیمانی دەبەستن، چ ئەوانەی زۆریان هێناوە یان كەم، پێویستمان بە هەموو لایەكە و دەبێ قسەیان لەگەڵ بكرێ بە شیعە و سوننە و لایەنەكانی تریش، كە ئاخۆ كامیان زیاتر لەگەڵماندا رێك دەكەون و دێنە پێشەوە و بڕوایان بە مافەكان و چارەسەری كێشەكانمان هەیە، پێویستە لەوانە بچینە پێشەوە و نابێ پێشەكی هیچ شەرتێك بۆ كەس دابنێین.
سەبارەت بە دانانەوەی سەرۆكوەزیرانی هەشت ساڵی رابردووی عێراق نووری مالیكی و دانانەوەی بۆ جاری سێیەم، مەحموود عوسمان گوتی: مالیكی كورسییەكانی لە جاری پێشوو كەمترە كە 89 كورسیی هەبووە و ئەمجارە بڕوا ناكەم بگاتە 80 كورسی. راستە لە هەموو كوتلەكان زۆرترە، بەڵام ئایا دەبێتەوە بە سەرۆكوەزیران؟ بە ڕای من هەڵەیە ببێتەوە سەرۆكوەزیر، 8 ساڵی خۆی بەڕێ كردووە و سەركەوتوویش نەبووە لە سیاسەتدا و نەیتوانیوە ئەو 8 ساڵە سەركەوتووبێ، جگە لەوەش بگرە نەیتوانیوە لەگەڵ لایەن و پێكهاتەكانیش رێك بێ.
مەحموود عوسمان هەروەها دەڵێت: دەبێ لە كوتلەی مالیكی بۆ خەڵكی تر بگەڕێین، شەرت نییە مالیكی بێ، من وەك رەئی شەخسی خۆم بڕوا ناكەم مالیكی ببێتەوە سەرۆكوەزیرن، ئەگەر ئێران و مەرجەعەكان فەرزی بكەن، چونكە ئەوانە رۆڵیان هەیە و ئەو ئەگەرەش هەیە، چونكە كوتلەكانی تر ئەوانەی دەرچوون هەر هەموویان، ئەوە كوردە، ئەوە نوجەیفییە، ئەوە عەلاوییە، ئەوە موتڵگە، ئەوە سەدرە، ئەوە حەكیمە، هەموو دەڵین نابێ جارێكی تر مالیكی ببێتەوە سەرۆكوەزیر، جگە لەوە دەبێ زۆربەی پەرلەمانیش دەنگی بۆ بدەن، دووەمیش دەبێ پێكهاتەكانیش رازی بكات كە لەگەڵ سوننە دەبێ رێك بێ كە رێك نییە، لەگەڵ كوردیش بە هەمان شێوە، هەروەها لەناو شیعەش كێشەی هەیە و ئاسان نییە جارێكی تر بتوانێ ئەو رۆڵە ببینێت.




