ئەژماركردنی دەنگی تایبەت لە سلێمانی دوا خرا

سلێمانی-KDP.info- هەرچەندە بڕیار بوو پاشنیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە پرۆسەی جیاكردنەوە و ئەژماكردنی دەنگە تایبەتەكان لە شاری سلێمانی دەست پێ بكات، بەڵام هێشتا دەست بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنی ئەو دەنگانە نەكراوە.
لەو بارەیەوە ئەندامی دەزگای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای سلێمانی (پ.د.ك) محەمەد شێخ سدیق بە KDP.INFOـی ڕاگەیاند: لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە كۆمسیۆن سەرقاڵی جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكانی هەردوو پارێزگای ئەنبار و دیالەیە و پاش تەواوكردنیان رەوانەی ئەو پارێزگایانەی دەكاتەوە .
محەمەد شێخ سدیق گوتی: بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی كە بە ئێمە دراوە، بڕیارە وایە سبەینێ دەست بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی بكرێت.
جێی ئاماژەیە، بۆ هەڵبژاردنی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی 79 ناوەندی تایبەت بۆ دەنگدان دیاری كرابوو كە سەرجەم سندووقەكانی ئەم ناوەندانە لە هۆڵی هەڵگورد عارف لە شاری سلێمانی كۆ كراونەتەوە بە مەبەستی جیاكردنەوە و ئەژماركردنیان. بە پێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش، رێژەی بەشداریكردن لە دەنگدانی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی 99% بووە و 72.000 كەس مافی دەنگدانی هەبووە كە لەو رێژەیەش 71.280 كەس بەشداریی هەڵبژاردنی تایبەتیان كردووە.
سلێمانی / ئارمان مەلازادە




