زوممار... عه‌ره‌به هاورده‌كان پیلان بۆ نانه‌وه‌ی فیتنه له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق داده‌نێن

سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو له ده‌ڤه‌ری زوممار ئاشكرای كرد، هه‌ندێك له عه‌ره‌به هاورده‌كان له هه‌وڵی داڕشتنی پیلاندان بۆ نانه‌وه‌ی فیتنه له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا كه له گوندی قاهیره‌ی ناوچه‌ی زوممار له به‌رامبه‌ر یه‌كدی وه‌ستاون.
سه‌رچاوه‌كه زیاتر گوتی: هۆزه‌كانی میرا و میسا ره‌شی و هه‌سنا، كه دوای رووخانی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس گونده‌كانی زومماریان جیهێشت و چوونه‌ته ره‌بیعه، ئێستا له داڕشتنی پیلانێكدان بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له نێوان هێزی پێشمه‌گه و سوپای ئێراقی فیدراڵ‌دا.
سه‌رچاوه‌كه چۆنیه‌تى داڕشتنى پیلانه‌كه و ئه‌نجامدانى ئاشكرا كرد و گوتى: شه‌وی 27 له‌سه 28ی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه بۆ گفتوگۆكردن و ئه‌نجامدانی پیلانه‌كه‌یان له ماڵی كه‌سێك به‌ناوی عه‌بدوڵڵا حومێدی كۆبوونه‌ته‌وه و عه‌لی سه‌رای مه‌عیوف، كه یه‌كێك له به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه بووه و یه‌كێكیشه له عه‌ره‌به هاورده‌كان به ئاماده‌بووانی راگه‌یاندووه و گوتوویه‌تی: من ده‌توانم فیتنه‌ی شه‌ڕ له نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌ڵگیرسێنم، به‌وه‌ی له دره‌نگانی شه‌ودا ده‌ست به ته‌قه ده‌كه‌م و ئاڕ پێ جی به رووی سه‌نگه‌ری هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق ده‌ته‌قێنم، به‌مه‌ش هه‌ر لایه‌ك له‌لایه‌نی خۆیه‌وه وه‌ڵامی لایه‌كه‌ی دیكه ده‌داته‌وه و شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێ.




