وەزارەتی نەوتی ئێران: ئەمساڵ غازی ئێران دەگاتە عێراق

هەولێر- فارس نیوز-KDP.info- وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەییاند كە ئەمساڵ غازی ئێران دەگاتە عێراق و ئێستاش هەوڵی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و تەواوكردنی بۆریی گوازتنەوەی ئەو غازەن.
ئاژانسی فارس نیوز لە زاری جێگری وەزیری نەوتی ئێران، عەلی مەجیدی گوازتوویەتییەوە، "وەك پلانێك بۆ هەناردنی غاز بۆ عێراق، هەوڵەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز چڕ كردووەتەوە. زیاتر گوتی، "گرێبەستی تایبەت بە هەناردنی غاز بۆ عێراق رێككەوتنی لەبارەوە كراوە."
مەجیدی هەروەها گوتی، "ئێستا بۆریی گوازتنەوەی غازەكە كاری تێدا دەكرێت و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ئەمساڵدا هەناردەکردن دەست پێ بكات.
جەختیشی کردەوە، کە بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، ئەو بۆرییەی غازی ئێران و عێراق و سووریا پێکەوە گرێ دەدات كە لە ڕێیەوە غازی ئێران بۆ ئەورووپا دەگوازێتەوە، بەگەڕ دەخرێتەوە.
لە 22ی نیسانی رابردوو كۆمپانیای ئەندازیاریی غازی ئێران رایگەیاند كە رێژەی تەواوبوونی بۆریی غازی ئێران بۆ عێراق گەیشتووەتە 75% و لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەست بە رەوانەكردنی غاز بۆ عێراق دەكات، وەك یەكەم قۆناغیش رۆژانە 5 ملیۆن مەتر چوارگۆشە هەناردە دەكرێت.




