جهبار یاوهر: حكومەتی هەرێم لەڕووی دەستووری و یاساییەوە مافی هەیە بە ئاشكرا چەك بكرێت

فەریق "جەبار یاوەر" ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و وتەبیژی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم سەبارەت بە هەندێ تۆمەتی نارەوای (عەلی دەباغ وتەبێژی حكومەتی عیراق) روونكردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی چەككرینی هەبێت ئەوە بە شێوەێكی یاسایی و بە ئاشكرا و بەپشتبەستن بەبرگەی 5 مادەی 121 ی دەستور وبە بێ دوو دڵی وترس لە هیچ كەس و لایەنێك ئەو كارە ئەنجام دەدات و قەت هانا بۆ رێگای نایاسایی نابات لەو بارەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی رونكردنەوەكەیە:
دیارە لەم رۆژانەی دواییدا وبە هۆی ئەو گەشە ئاڵۆزە و هەلەومەرجی شڵەژاوی ناوچەكە بە گشتی ونێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی عیراق بەتایبەت، گوێمان لە هەندێ دەنگی نەشاز دەبێت كە بە ئارزووی خۆیان و بە بێبوونی هیچ بنەمایەكی راستی و بەڵگەی سەلمێنەری پێویست چەندەها پرۆپاگەندە و تۆمەتی نارەوا و درۆ و بۆختان بۆ هەرێمی كوردستان هەڵدەبەستن، بە تایبەت ئەو درۆ و تۆمەتانەی ئەم دوو رۆژەی دواییدا كە لە لایەن كەسێكی باڵای وەك (بەرێز عەلی الدەباغ) كە بە بێ هیچ بەڵگەێكی سەلمێنەر خراونەپاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تایبەت بۆیە بە پێویست مان زانی ئەم روونكردنەوەی خوارەوە بخەینە روو :
1- هەرچی دەگوترێ دەرباری گرێبەستی چەك كرین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، هیچ بنەمایەكی راستی تیایدا نییە وهەمو ئەو قسەلوكانە دەچنە خانەی درۆی شاخدارەوە!! و بۆ ئاگاداری هەموو لایەك بەڕێز سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە هیچ جۆرێك باس و خواسی نەكردوە لە بارەی ئەم مەسەلەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك،ولە هیچ كاتێكدا.
2- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی دەستووری و یاساییەوە ماڤی هەیە بە ئاشكرا چەك بكرێت چونكە بە پێ ی برگەی (5) ی مادەی (121) دەستوری دەوڵەتی فیدراڵی عیراق، هەرێمی كوردستان رێگەی پێدراوە كە سێ جۆر هێزی هەبێت كە ( پاسەوانی هەرێم ، پۆلیس و ئاسایش ) و ئەم هێزانە وەك هەمو هێزێك لە هەر هەرێم و دەوڵەتێك پێویستی بە چەكە بۆ ئەنجامدانی كارەكانی خۆی و ئەگەریش هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق بریاربدەن بە (كوتەك) كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن ئەوە ئێمەش وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق ئامادەین بە (كوتەك) كارەكانمان ئەنجام بدەین .
3- بە پێ خاڵی (5+6) لە یاداشتی لێكتێگەیشتن نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق كە لە رۆژی (21-23 مانگی حوزیرەانی ساڵی 2007 ) لە لایەن (20) ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ووەزارەتی بەرگری عیراق ئیمزا كراوە، دەبێت پێكهاتەی هێزەكانی پێشمەرگە كە پاسەوانی هەرێمە بە هەمان شێوازی پێكهاتەی (لیواكانی پیادە)ی سوپای عێراق بێت و بەرێز ( عەلی الدەباغ ) شارەزایە كە پێكهاتە و چەكی لیوای پیادە سوپای عیراق چۆنە لە بەر ئەوەش دەبێت بەرێزی بزانی بە پێ دەستور و ئەو رێككەوتنە چەكی پاسەوانی هەرێم دەبێت چۆن بێت ؟ و سەرچاوەكەی كۆیی بێت ؟ .
4- بە پێ ی نامەێیكی فەرمی بەرێز د.(نوری مالكی) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە لە (16)ی نیسانی 2010) وەڵامی نامەیكی (فەریق میشیل بار بیروی) تێدا داوە ، زۆر بە روونی لەو نامەیەدا باسی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و وەك بە شێك لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی عیراق دیاری دەكات و جەختدەكاتەوە لە سەر رەزامەندی و پشتیوانی بەرێزی بۆ چەكداركردنی یەكەكانی پاسەوانی هەرێم بە هەمان شێوەی یەكەكانی سوپای عێراق و داواش لە فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا دەكات كە لەوبارەیەوە هاوكارو بەشدار بن كە بەداخەوە هەتاكو ئێستا ناوەرۆكی ئەو نامەیە جێبەجێ نەكراوە!؟.
5- ئێمە لێرەدا جەختدەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی پاسەوانی هەرێم و هێزەكانی تری هەرێمی كوردستان ،هێزی یاسایی و دەستورین و بەشێكن لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق و بەشداری كاریگەریان كردووەلە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی فیدرالی عیراق بە گشتی وهەرێمی كوردستان بە تایبەت و ئێستاكەش ئامادەن لە هەر كات وساتێكدا كە پێویست بكات ئەركەكانیان لە هەر ناوچەیەك لە دەوڵەتی فیدرالی عیراق ئەنجام بدەن لە هەرێمی كوردستانەوە هەتاكو ناوەراست وخواروی عیراق .
لە كۆتاییدا - جارێكی تر جەختدەكەینەوە كە ئەگەرحكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی چەككرینی هەبێت ئەوە بە شێوەێكی یاسایی و بە ئاشكرا و بەپشتبەستن بەبرگەی 5 مادەی 121 ی دەستورەوە وبە بێ دوو دڵی وترس لەهیچ كەس و لایەنێك ئەو كارە ئەنجام دەدات وقەت هانا بۆ رێگای نایاسایی نابات لەو بارەیەوە.
فەریق جەبار یاوەر مەندە
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
ئەندام و وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم




