٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"پەرلەمانتار هەبووە لە ساڵێکدا 50مۆڵەتی یەک ھەفتەیی وەرگرتووە، هەیشە لە جیاتی ئەرکەکەی خوێندوویەتی"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا- تایبەت بەKDP.info.info-  پەرلەمانتارێکی کورد دەڵێت، لەسەر لایەنەکان پێویستە چاودێریی ورد و پشتگیری ئەو ئەندامانەی بکات  کە دەچنە بەغدا و ئەگەر ھەر پەرلەمانتارێک بە تەواوەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات، کەسێکی دیکە لە جێی ئەو دابنێن. ئاشکرایشی دەکات، لەم خولەدا پەرلەمانتار ھەبووە لە ساڵێکدا 50مۆڵەتی یەک ھەفتەیی بە بیانووی نەخۆشی وەرگرتووە، یان ھاتووە لەوێ زانکۆی تەواو کردووە.

 

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی، د.حەمید باڤی، بە kdp.info-ی راگەیاند: پێویستە ئەم جارە کورد سەرەتا لە نێو خۆیاندا ھاوپەیمانیی دروست بکەن، دواتر ھەوڵ بدەن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ھاوپەیمانەتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق پێک بێنن و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و بزانن کامە لایەن داواکارییەکانی کورد جێبەجێ دەکات، ئەو کات ھاوپەیمانەتیی لەگەڵدا دروست بکەن.

د.حەمید باڤی گوتیشی: ئەگەر ھەوڵ بدرێت رێگە نەدرێت جارێکی دیکە نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران کارێکی باشە، چونکە لە ئێستادا دەستی بەسەر ھەموو جومگەکانی دەستەڵاتدا گرتووە، بۆیە ئەستەمە داواکاریی لایەنەکان جێبەجێ بکات، بەڵام ئەگەر کەسێکی دیکە پۆستەکەی وەربگرێت، رەنگە بتوانن لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە رازیی بکەن کە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە روونیشی کردەوە، ھۆکاری بەدەستنەھێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا 65% بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کورد بە تەواوەتی یەکگرتوو نەبووە لە بەغدا، بۆیە من دڵنیام ئەگەر ھاوپەیمانەتی لە نێو خۆیاندا دروست بکەن و بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا، تا ئاستێکی باش دەتوانن مافەکانیان بە دەست بێنن."

روونیشی کردەوە، پێویستە ھەر لایەنێک شەش مانگ جارێک ھەڵسەنگاندن بۆ ئەندامانی بکات و چاودێریێکی ورد و پشتگیریشیان بکات و ھەر پەرلەمانتارێک بە تەواوەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ نەکات، کەسێکی دیکە لە جێی ئەو دابنێن، چونکە لەم خولەدا پەرلەمانتار ھەبووە لە ماوەی یەک ساڵ 50مۆڵەتی یەک ھەفتەیی بە بیانووی نەخۆشی وەرگرتووە، یاخود ھاتووە لەوێ زانکۆی تەواو کردووە، کە ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کارەکەی دەبێت و ناتوانێ بە تەواوەتی ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار