سەرۆک بارزانی و شاعەبدوڵا پتەوکردنی پێوەندییەکان و دۆخی عێراقیان خستە بەر باس

هەولێر-KDP.info-سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شای ئوردن لە کۆبوونەوەیەکدا بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردنیان خستە بەر باس.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە كۆشكی حوسێنییەی عەمانی پایتەختی ئۆردۆن جەلالەتی شاعەبدوڵڵای دووەمی شای ئۆردن پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی و وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كەریم شنگالی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، د. فواد حوسێن و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا كە لەسەر بانگهێشتێكی فەرمیی شای ئوردن سەردانی وڵاتی ئوردنیان كردووە.
لەم دیدارەدا كە ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن و بەڕێوەبەری نووسینگەی شای ئوردن و وەزیری دەرەوەی ئوردن و ڕاوێژكاری شای ئوردن لە ئەنجوومەنی سیاسەتە نیشتیمانییەكان ئامادەی بوون، شای ئوردن جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە برایانە كردەوە كە عێراق و ئردنی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لێك نزیك كردووەتەوە. هەروەها شای ئۆردۆن پاڵپشتیی شانشینی ئوردنی بۆ ئەو هەوڵانە دووپات كردەوە كە لە پێناو باشتركردنی سەقامگیری و ئاساییشی عێراق و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی لە ئارادان.
لەم دیدارەی نێوان سەرۆك بارزانی و شای ئوردن پێشهاتە هەنووكەییە هەرێمایەتییەکان خرانە بەر باس و گفتوگۆیش لەبارەی ئەو میكانیزمانە كرا كە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن پێویستن بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و سوودوەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە ئەزموونی شانشینی ئوردن لە بواری گەشەسەندندا.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی هەڵوێستی شانشینی ئوردنی بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی عێراق لە بارودۆخە سەخت و دژوارەكاندا بەرز نرخاند و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن كردەوە بە شێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات بكات.
سەرۆك بارزانی هاوکات هەوڵە ئاشتیخواز و میانڕۆیانەی شای ئۆردۆنی بۆ چارەسەری تەحەدیات و بارودۆخە سەختەكان كە ناوچەكە ڕووبەڕووی بووەتەوە بە بەرز وەسف كرد.




