نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەی پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداری دەکات

هەولێر- KDP.info-لە ئوردن کۆنگرەی پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساز دەدرێت و لەسەر ئاستی عێراقیش نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تێیدا بەشدار دەبێت.
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئازاد محەممەد ئەمین، لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوین بۆKDP.info گوتی: "کۆنگرەیەک بە ناوی پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئوردن ساز دەدرێت کە تیایدا نزیکەی 200 کەس لە وڵاتانی جیا بەشداریی تێدا دەکەن و، سەرۆکی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی خۆیشی تێیدا بەشدارە، لەسەر ئاستی عێراق من بۆ کۆنگرەکە بانگهێشت کراوم."
ئازاد محەممەد ئەمین، سەبارەت بە تەوەرەکانی کۆنگرەکە و رۆڵی نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان لەو کۆنگرەیەدا، گوتی: پانێڵە سەرەکییەکانی پەیوەستن بە مەسەلەی پێشێلکاری و پاراستنی ئازادیی رۆژنامەنووسی و منیش لە پانێڵێکی سەرەکیدا بەشداری لە کۆنگرەکە دەکەم بە ناوی ئازادیی بیروڕا لەنێوان گوتاری دینی و ئاسایشی و نیشتمانی و نەتەوەییدا و کۆمەڵێ پرۆتۆکۆڵیش دەبەسترێن و باس لەو پێشێلکاریانەیش دەکرێن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە تایبەت هەن.




