مالیکی لە سکاڵاکەی دژبە نوجێفی دۆڕاندی

هەولێر-KDP.info/ سەرۆكوەزیرانی عێراقی، نووری مالیكی، ئەو سکاڵایەی کە دژبە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی دابووی بە دادگای فیداڵ دۆڕاندی.
سکاڵاکەی مالیکی بۆ ناچاركردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئوسامە نوجێفی بوو بۆ دانانی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان تا پەسند بکرێت، بەڵام دادگای فیدڕاڵ سکاڵاکەی ڕەت کردەوە، چونکە دادگا باوەڕی وایە کە نەخستنەڕوو و گفتوگۆ نەکردن لەبارەیەوە پێوەستە بەوەی هێشتا ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ئەو پرسە نییە.
دوێنێ هەینی دادگای فیدراڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "دادگای فیدراڵی داوایەكی نووری مالیكی بۆ ناچاركردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ دانانی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 لە كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان رەت كردەوە، چونكە هۆكاری تاوتوونەكردنی بودجە لە پەرلەمان بۆ بەدینەهاتنی رێژەی یاسایی ئامادەبووان دەگەڕێتەوە".
پەرلەمانی عێراق ماوەی چەند مانگێكە لیژنەیەكی سێقۆڵی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ پێكهاتنی لایەنەكان و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2014 پێكهێنا و تاوەكو ئێستا ئەو لیژنەیە نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێك. ئەمە لەكاتێكدایە تەمەنی یاسای خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی 6ی ئەمساڵ كۆتایی دێت و ئەگەر تا ئەو وادەیە بودجە پەسەند نەكرێ، ئەوا پرۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی خولی داهاتووی پەرلەمان بكرێ بۆ پەسەندكردنی.




