لە سنووری دهۆك، پارتی 19 كورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و 9 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق بە دەست دێنێت

دهۆك - تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری لقی یەك لە دهۆك دەڵێت، چاوەڕوان دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆك 19 كورسی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا و 9 كورسی بۆ پەرلەمانی عێراق بە دەست بهێنێت.
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری لقی یەكی پارتی لە دهۆك عەلی بەندی، بۆkdp.info گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك 322 هەزار و 197 دەنگ و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش 301 هەزار و 138 دەنگی بەدەست هێناوە.
عەلی بەندی گوتیشی: بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك تا ئێستا 18 كورسی یەكلا بووەتەوە و كورسیی نۆزدەیەمیش ئەگەرێكی زۆری هەیە مسۆگەر بكرێت، چونكە تا ئێستا دەنگی تایبەت و مەرجدارمان بەدەست نەگەیشتووە.
سەبارەت بە ژمارەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عێراق، بەندی رایگەیاند: 8 كورسی یەكلا بووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێت ئەویش ببێت بە 9 كورسی.
ئەو هەروەها ئاماژەشی دا، لەناو كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، فەرهاد ئەترووشی زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە كە رێژەی دەنگەكانی تا ئێستا دەگاتە 35 هەزار و 788 و بۆ پەرلەمانی عێراقیش نەجیبە نەجیب زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە كە رێژەكەی تا ئێستا دەگاتە 24 هەزار و 851 دەنگ، ئەمەش جگە لە دەنگەكانی تایبەت و مەرجدار.
بڵند ئیبراهیم




