دڵشاد شەهاب: بەرلە ناونانی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی، هیچ بەرنامەیەکی تر ناخرێتە بەرنامەی کارەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info-ئەندامی شاندی دانوستاندکاری پارتی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەهاب دەڵێت، ناوهێنانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت دوا نەخراوە، بەڵکو تێکڕای ئەندامانی پەرلەمان رێكکەوتوون لەسەر ئەوەی ئاڵوگۆڕ لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری پەرلەماندا بکرێت، گوتیشی، پڕۆگرامی کاری پەرلەمان وەکو خۆی بەردەوام دەبێت و بەپێی یاسایش هەتا ئەم بەرنامەیە تەواو نەبێ هیچ بەرنامەیەکی تر ناخرێتە بەرنامەی کارەوە.
ئەندامی لێژنەی دانوستاندکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، دڵشاد شەهاب، لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کە لە دوو بڕگە پێک هاتبوو، خاڵی یەکەمی تایبەت بوو بە ناونانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی پێشنیازکراو بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش بریتی بوو لە پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی لیژنەی یاسایی کە هەموو لایەک دەزانن رۆحی کاری پەرلەمان لە لیژنەی یاسایدایە کە لە خولەکانی پێشوویشدا وا بووە و پێشووتر دەنگدان لەسەر لیژنەکان کراوە."
لەبارەی دواکەوتنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار وەک راگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە، دڵشاد شەهاب، گوتی "ناوهێنانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت دوا نەخراوە، بەڵکو بە رەزامەندیی تێکڕای ئەندامانی پەرلەمان رێكکەوتوون لەسەر ئەوەی ئاڵوگۆڕ لە بڕگەکانی بەرنامەی کاری پەرلەماندا بکرێ، ئەمە عورفێکی ئاساییە و زۆر جاران لە کاری پەرلەماندا ئەوە رووی داوە. هەمان بەرنامەی کاری پەرلەمان پێڕۆ دەکرێ و هیچ بەرنامەیەکی تر دانانرێ، بەرنامەی کار بریتییە لە ناوهێنانی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەکان تەنها ئەوەی کە کراوە پاش و پێشی لە بەرنامەکەدا کراوە."
پێوەست بە پاش و پێشکردن لە بەرنامەی کاری پەرلەمان، دڵشاد شەهاب گوتی: بۆ ئەوەی هەر یاسایەکی پێویست، پێویست بە هەموارکردن بکات لە هەبوونی لیژنەی یاساییدا پەرلەمان دەتوانێ کاری یاسایی خۆی بکات و دەست بە هەموارکردنەوەی یاساکە بکات، ئەمە بۆئەوەی دەستی پەرلەمان کراوەبێ بۆ هەر ئەگەرێک یاخود هەموارکردنی هەر یاسایەکی پێویست، کە ئەگەر لە پێش پێکهێنانی کابینەدا پێویست بە هەموارکردنی یاساکان بکات، ئێمە پێویستمان بە لیژنەی یاساییە. مەبەستی دووەمیش ئەوەیە تا لەم ماوەیەدا برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نوێنەری خۆیان دەستنیشان بکەن بۆ ناوهێنانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، بۆیە ئەم بەرنامەیە دوانەخراوە و دواخستنیشی تێدا نییە، پڕۆگرامەکەیشی نەگۆڕاوە و هیچ بەرنامەیەکی تریش هاتووەتە ئاراوە، پرۆگرامی کاری پەرلەمان وەکو خۆی بەردەوام دەبێت و بەپێی یاسایش هەتا ئەم بەرنامەیە تەواو نەبێ، هیچ بەرنامەیەکی تر ناخرێتە بەرنامەی کارەوە."
دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە کە، "تەنها لەبەر ئەم دوو هۆکارە پاش و پێش بە بەرنامەی کاری پەرلەمان کراوە و بە رەزامەندی سەرجەم لایەنەکانیش بووە، بۆ ئەوەی کە خاڵی یەکەم ببێتە پێکهێنانی لیژنەکان و خاڵی دووەم دوای لیژنەکان ببێتە راسپاردنی سەرۆک و جێگری سەۆرکی حکوومەت."




