پۆلیسی هەولێر: بکوژەکانی پاسەوانەکەی کۆمەڵ، بەپێی ماددەی 406 سزا دەدرێن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وردەكاریی رووداوی كوشتنی پاسەوانەكەی مەڵبەندی سێی كۆمەڵی ئیسلامی خستە ڕوو و رایگەیاند، "ئەو رووداوە هیچ لایەنێك و پاڵنەرێكی نییە."
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، عەمید عەبدولخالق تەڵعەت، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەوانەی دەستیان لە رووداوەكەدا هەبووە چوار كەسن و هەر چواریشیان ددانیان بە تاوانەكەدا ناوە."
هاوکات ڕایگەیاند کە ئەو چوار تۆمەتبارە بەپێی ماددەی 406-ی یاسای سزادانی عێراقی دۆسێیان بۆ دەکرێتەوە و دادگا بڕیاری خۆی لەبارەیانەوە دەدات.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر هاوکات رەتی كردەوە، ئەو چوار تۆمەتبارە سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسیی بن و گوتی "ئەوان موڵكی هیچ حیزبێك نین و پێشتریش كە دەگوترا ئاسایش پۆلیسن، ئەوەش راست نییە".
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت زانیاریی زیاتری لەسەر ئەو تۆمەتبارانە ئاشكراكرد و گوتی "ئەوان دانیشتووی گەڕەكی مامۆستایانی شاری هەولێرن و لە بنەماڵەیەكی ناسراون"، زیاتر گوتی "ئەوان کاری سەرەکییان لە بواری ئامێرەکانی گازوایلە و لە ناوچەی پیشەسازی شوێنیان هەیە."
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت نیگەرانیی خۆیشی لە لێدوانی هەندێکی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان دەربڕی، كە لە كاتی روودانی رووداوێكی لەو جۆرەدا لێدوان دەدەن و گوتی "پێویستە لایەنە سیاسییەكان چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بكەن، چونكە ئێمە هەمیشە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی وەهادا تەواوی وردەكارییەكان ئاشكرا دەكەین".
پاسەوانەكەی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان کە ناوی (محهمهد عهزیز)-ە ناسراو بە (قاسم)، درەنگانی شەوی 1-5-2014 لە شاری هەولێر لەلایەن چوار كەسەوە پەلاماردراو دواتر بە هۆی تەقەی یەكێك لەو چوار كەسە دەستگیرکراوەوە كوژرا.




