عارف تەیفوور: ئەم جارە كورد بە ئاسانی لە نووری مالیكی نزیك نابێتەوە

بەغدا - تایبەت بەKDP.info - جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، ئەم جارە كورد بە ئاسانی لە نووری مالیكی نزیك نابێتەوە. ئاماژەیشی دا كە دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك 50% زیادی كردووە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی شاندی دانوستانكاری پەرلەمانی عێراق، عارف تەیفوور، بەKDP.info ـی ڕاگەیاند: لە ئێستادا دانوستانەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هیچ جوڵەیەكیان پێوە دیار نییە و ئێمەیش لە پەرلەمانی عێراق دانوستانەكانمان راگیراون و، چاوەڕێ دەكەین بۆ ئەوەی رێككەوتنێك لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە بكرێت، ئینجا دەست بە دانیشتنەكانمان بكەینەوە.
سەبارەت بە هاوپەیمانەتیی كورد لەگەڵَ لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، عارف تەیفوور گوتی: بە دڵنیاییەوە هاوپەیمانیەتی دروست دەبێتەوە، بەڵام جارێ زووە باسی ئەوە بكەین، هەرچەندە پەیوەندی لە نێوان لایەنەكانی كورد و عێراق دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی هاوپەیمانیەتییەك دروست بێت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.
لەبارەی هەڵوێستی نووری مالیكی كە بەم داواییانە لە بەرامبەر كورد نەرمیی نواندووە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستە ڕوو، نووری مالیكی یەكێكە لەو كەسانەی لە هەڵبراژدنەكاندا سەركەوتووە، بەڵام ئەم جارە كورد بە ئاسانی لێی نزیك نابێتەوە، وەلێ ئەمەش دەكەوێتە سەر دانوستانەكان و جۆری رێككەوتنەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێوە.
تەیفوور سەبارەت بە رێژەی دەنگەكانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گوتی: ئەگەر كورد لەم هەڵبژاردنەدا بە یەك لیست بەشدارییان بكردایە باشتر بوو، چونكە ئەم جارە عەرەبەكان پچڕپچڕییان زۆر پێوە دیارە، بۆیە بۆ كورد زۆر باشتر دەبوو، بەڵام پچڕپچڕیی كوردیش وای كرد كە ئەو ئامانجەی هەیبوو نەیتوانی بە دەستی بێنێت، سەرەڕای ئەوەش دەنگێكی باشیان بە دەست هێناوە.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركووك، عارف تەیفوور ڕایگەیاند: كێبڕكێ لە نێوان پارتی و یەكێتی لە كەركووك هەیە و یەكێتیی نیشتمانی ویستی هەبوونی خۆی لەو ناوچانە دیاری بكات و ئەو ناوچانە تایبەت بە هیی خۆیان بزانن، بۆیە زۆر هەوڵیان دا وا پێشان بدەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان كێشە لەو ناوچانە دروست دەكات و ئەوان سەركردایەتین و دەتوانن هەموو شتێك بكەن، بەڵام بە ڕای من ئەو ماوەیەش كۆتایی پێهاتووە و هەوڵ دەدرێت لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن دروست ببێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رێژەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ئاماژەی دا: دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان 50% زیادی كردووە، بۆ نموونە لە خولی پێشوودا تەنیا من سەركەوتم، هەرچەندە دەگوترێت كە منیش لە خولی پێشو دەرنەچووم و گۆڕدراومەوە لەگەڵ فوئاد مەعسووم كە ئەمە هیچ راست نییە و، من بە دەنگی خۆم چوومە پەرلەمان و لە پارێزگای مووسڵیش دەنگەكانی پارتی زیادی كردووە، بۆیە ئێمە سوودمان لە بارودۆخەكە وەرگرتووە.
بڵند ئیبراهیم




