سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: لە سەڵاحیاتی كۆمیسیۆنە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گیرانی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، لە هەموو دۆخێكدا پێویستە مافی هاووڵاتیبوونی خەڵكی پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی هەر گومانلێكراوێك نابێ وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. هاوکات ڕایدەگەیەنێت، وەها حاڵەتێک لە چوارچێوەی سەڵاحیاتی كۆمیسیۆنە كە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە و دەزگە ئەمنییەكانیش پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆن بن.
ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم هاوکات داوا لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات "بەپێی یاسا و ڕێوشوێنەكانی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە پێشێلكارییەك بەرانبەر دەنگی هاووڵاتیان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت."
دەقی ڕاگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گیرانی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان"
شەوی 2 لە سەر 3ـی ئایاری 2014 ژمارەیەك هەڵسوڕاو و چاودێرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە نزیك بنكەیەكی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە شاری سلێمانی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران و پاشان لە تەلەڤزیۆنەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وێنە و دانپێدانەكانیان بڵاو كرایەوە.
دەبوایە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لەبوونی حاڵەتێكی وەها ئاگادار بكرێتەوە و كۆمیسیۆن بڕیار بدات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بكرێت، چونكە ئەوە لە چوارچێوەی سەڵاحیاتی كۆمیسیۆنە كە بڕیار بدات كێ و چ لایەنێك پێشێلكاری كردووە و دەزگە ئەمنییەكانیش پێویستە پابەندی بڕیار و ڕێوشوێنەكانی كۆمیسیۆن بن. داوا لە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەین بەپێی یاسا و ڕێوشوێنەكانی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ جۆرە پێشێلكارییەك بەرانبەر دەنگی هاووڵاتیان و چاودێرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیەنین كە دەبێ ڕەچاوی ئازادیی كاركردنی هەموو ئەو چاودێرانە بكرێت كە بە ئاگاداریی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لایەن حزبەكانیانەوە بۆ ئەركی چاودێریكردن لە كاتی هەڵبژاردن و جیاكردنەوە و ڕاگەیاندنی دەنگەكان ڕاسپێردراون. جگە لەوەیش لە هەموو دۆخێكدا پێویستە مافی هاووڵاتیبوونی خەڵكیش پارێزراو بێت و بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا لەبارەی هەر گومانلێكراوێك نابێ وەك تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
داوا لە گشت لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و ڕاگەیاندنەكانیان دەكەین بە پەرۆشی و هەست بە بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و كار بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن و ڕێگە لە هەر هەوڵێك بگیرێت كە دەبێتە هۆی شێواندنی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
4ـی 5ـی 2014




