"کەی ئێن ئێن": فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی، وەستا حەسەن و لیوا عومەر دەرکرا

هەولێڕ- KDP.info- دادوەری لێكۆڵینەوەی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەكە لە بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی، وەستا حەسەن و بەرپرسی هێزی دژە تیرۆر، لاهور شێخ جەنگی و بەرپرسی هێزی ئامادەی سلێمانی لیوا عومەر دەركرد.
ماڵپەریKNN زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوی كردووەتەوە، لەسەر سكاڵای پارێزەرانی شەش هەڵسووڕاوە دەستگیركراوەكەی گۆڕان، دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی بەپێی مادەی 433-ی یاسای سزادانی عێراقی، كە تایبەتە بە (لێدان و سووكایەتیپێكردن و ناوزڕاندن) فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هەریەكە لە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و دژە تیرۆر و بەڕێوەبەری هێزی ئامادەی سلێمانی دەركرد.
هەینیی ڕابردوو، شەش هەڵسووڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان كە گۆڕان دەڵێ "بەپێی مۆڵەتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و لە دەرەوەی بنكەكانی جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگەكان و لە هێڵی سێی چاودێریكردنی بنكەكان جێگیربووی" دەستگیر كران و شەوی رابردوویش چوار لە هەڵسوڕاوە دەستگیركراوەكانی گۆڕان لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بڕیاری ئازادكردنیان بۆ دەرچوو.




