٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گۆڕان: مافی یەكێتیی نییە بڕیار لەسەر کاندیدی ئێمە بۆ پۆستی پارێزگار بدات

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-  بەرپرسی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستی بزووتنەوەکەیانە بۆ ئەنجوومەنی پاریزگا و بە شێوەیەكی دیموكراسیانە دەنگی هێناوە، زیاتر دەڵێت، "هیچ هێز و لایەنێكی سیاسی بۆی نییە ئەوە بۆ ئێمە دیاری بكات كە كێ كاندید بكەین بۆ پارێزگاری سلێمانی، ئەوە مافی لایەنەكانی دیكە و مافی یەكێتیی نیشتیمانییش نییە كە ئەو بڕیارانە بدەن كە كێ شایەنی ئەو پۆستەیە و كێ شایەنی نییە."

لەگەڵ كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكان و دەستكردن بە جیاكردنەوە و ئەژماركردنی دەنگەكان، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان لیستی بزووتنەوەی گۆران بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا تا ئیستا نزیكەی 13 كورسی لە 32 كورسیی ئەنجوومەن بە دەست هێناوە و سەرۆكی لیستەكەش د. هەڤاڵ ئەبوبەكرە كە هەر لە سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەكانەوە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دژایەتیی خۆی بۆ بەپارێزگاربوونی راگەیاند و لە نوێترین لێدوانیشدا بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەلا بەختیار رایگەیاندوە كە یەكێتی ئامادە نیە هەڤاڵ ئەبوبەكر وەك پاریزگاری سلێمانی قبول بكات.

 بەرپرسی ژووری پەیوەندییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان محەممەد حاجی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoگوتی: "دیارە كە پۆستی پارێزگار لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا بە دەنگی جەماوەر دیاری دەكرێت و ئێمەش وەك بزووتنەوەی گۆران د. هەڤاڵ ئەبوبەكر سەرۆكی لیستە بۆ ئەنجوومەنی پاریزگا و بە شێوەیەكی دیموكراسیانە دەنگی هێناوە لەبەر ئەوە هیچ هێز و لایەنێكی تر بۆی نییە ئەوە بۆ ئێمە دیاری بكات كە كێ كاندید بكەین بۆ پارێزگاری سلێمانی، ئەوە مافی لایەنەكانی دیكە و مافی یەكێتیی نیشتیمانییش نییە كە ئەو بڕیارانە بدەن كە كی شایەنی ئەو پۆستەیە و كێ شایەنی نییە."

هەر لەو بارەیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنوەر سەنگاوی بۆ kdp.infoگوتی: "ئێمە قەناعەتمان وایە بۆ هەر پۆستێكی دیاریكراو دەبێت خەڵك و جەماوەر بڕیار بدات و دەبێت دەنگی خەڵك سەنگی مەحەك بێت و هاووڵاتیانیش هەر كەسێكیان هەڵبژارد بۆ پۆستی پارێزگار دەبێت بە شێوەیەكی یاسایی مومارەسەی ئەو مافەی خۆی بكات."

گوتیشی "سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری داهاتووی سلێمانیش ئەمە پەیوەندی بە هیچ شەخسێكەوە نییە، بەڵكو ئەمە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگاوە هەیە و هەموو لایەنە سیاسییەكان هەر یەكە و بە رێژەیەك كورسیی هێناوە و دواتر ئەمانە پێكەوە كۆ دەبنەوە و پارێزگاری نوێی شاری سلێمانی دیاری دەكەن، دیارە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانیش تا ئیستا هیچ لایەنێك ناتوانێ بە تەنیا پارێزگاری داهاتوو دیاری بكات، بەڵکو ئەبێت هاوپەیمانیی لە نێوان لیستەكاندا دروست ببێت بۆ دیاریكردنی پارێزگار، هەر بۆیە دەبێت هەموو لایەنێك بە سنگێكی فراوانەوە ئەم بابەت قبووڵ بكات بۆ ئەوەی پێكەوە هەڵ بكەن و پێكەوە بگونجێن تا كێشە دروست نەبێت و هاووڵاتیان زەرەر نەكەن."

سەنگاوی زیاتر گوتی: هەموو لیستێك مافی خۆیەتی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار دیاری بكات، ئێمەش وەك كۆمەڵ دەتوانین كەسێك لە كاندیدە براوەكانمان بۆ ئەو پۆستی دیاری بكەین، بەڵام گەر دەنگی نەهێنا ئەوا دەنگی نەهێناوە، هەر بۆیە كەس ناتوانێت گەمارۆ بخاتە سەر ئەوی دیكە لەبەر ئەوەی نە یاسا رێگەی پێداوە و نە مەنتیقییە."

ئارمان مەلازادە

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار