لە سلێمانی، پارتی چاوەڕێی بەدەستهێنانی 5 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایە

سلێمانی-KDP.info-بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، لە پارێزگای سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر لە 87.000 دەنگ و بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییش زیاتر لە 84.000 دەنگی بە دەست هێناوە، هەروەها لە شاری سلێمانی لە كۆی 503 ناوەندی دەنگدانی گشتی 492 ناوەندیان جیا كراونەتەوە و 11 ناوەند ماوە بۆ جیاكردنەوە ئەمە وێڕای جیاكردنەوە و ئەژماكردنی دەنگە تایبەتەكان.
لەو بارەیەوە سەرپەرشتیاری چاودێرانی پارتی لە بنكەی ژمارە 2 (ئەلبیسەكە) نەوزاد شێخ كامیل، بە kdp.infoـی راگەیاند كە ئەوان وەك پارتی لە پارێزگای سلێمانی چاوەڕوانی بەدەستهێنانی 5 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگا و 3 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن.
لە شاری سلێمانی 1.168.461 (یەك ملیون و سەدوشەست و هەشت هەزار و چوارسەد و شەستویەك) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و بەپێی ئاماری كۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش، لە پارێزگای سلێمانی رێژەی 65%ـی دەنگدەران بە شدارییان كردووە كە بەو پێیەش 759.499 كەس لە هەڵبژادندا بەشدار بوون بەپێی ئەم رێژەیەش بۆ بەدەستهێنانی هەر كورسییەكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 42.000 دەنگ و بۆ كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییش 23.000 دەنگ پێویستە.
سلێمانی / ئارمان مەلازادە




