٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان پارتی لە ئەورووپا و ئەمەریكا یەكەمە

سەرچاوە: KDP.info
ژمارەيەک لە تاراوگەنشيناني فەڕەنسا. ئاڵاي کوردستان وێنەي سەرۆک بارزانييان بەرز کردووەتەوە.

هەولێر-KDP.info-  بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی مەكتەبی هەڵبژاردنی لقی 6ـی ئەورووپا و لقی 7ـی ئەمەریكا و ئەو بلۆكبەندییەی كە لیژنەی باڵای هەڵبژاردن لەناو رەوەندی كوردی رێكی خستبوو، پارتی دیمووكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی بە دەست هێناوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەورووپا و ئەمەریكا، هێمن هەورامی، بە KDP.info-ی ڕایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرجەم لیژنە ناوچەكانی پارتی لە ئەورووپا و ئەمەریكا لە رێگای بریكارەكانییەوە لەسەر سندووقەكانی دەنگدان، زانیویەتی كە لەناو سەرجەم ئەو دەنگدەرانەی رەوەندی كوردی كە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردبوو لە 27 و 28/4/2014 ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر ئامادەییەكی بەرفراوانیان هەبووە.

 هەورامی ڕوونیشی كردەوە، چاوەڕێ دەكرێ لە فینلەندا و دانیمارك و سوێد و نۆروێژ و هۆڵەندا و بەلژیكا و ئەڵمانیا و سویسرا و ئیتالیا، فەرەنسا و ئەمەریكا و كەنەدا و نەمسا لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئوستراڵیا و نیوزلەندا، پارتی بە دەنگێكی زۆرەوە لە پێشەوەی هەموو لایەنە كوردییەكان بێت. ئەوەشی خستە روو كە لە وڵاتی بەریتانیا پارتی دیموكراتی كوردستان دووەمێكی بەهێز دەبێت.

هێمن هەورامی وەك سەرپەرشتیاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئەورووپا و ئەمەریكا، بە ناوی دڵسۆزانی رێبازی بارزانیی نەمر لەناو رەوەندی كوردی، پیرۆزبایی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

هەورامی هەروەها دەستخۆشی لە یەك بە یەكەی هەڤاڵانی پارتی و خانەوادە سەربەرزەكانیان لە تاراوگە كرد، كە بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەك توانرا ئەو سەركەوتنە گەورەیە لەناو رەوەندی كوردی بۆ پارتی و رێبازی پیرۆزی بارزانی بە دەست بهێنرێت.

سەنگەر هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار