یڵدز: لە ماوەی حەفتەیهكدا نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ

هەولێر-AA- KDP.info- وەزیری وزەی و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێ رەنگە لە ماوەی یەک حەفتە یا سێ رۆژی دیکە نەوتی ھەرێمی کوردستان بفرۆشرێ.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، تانەر یڵدز دەربارەی لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رۆژی دووی ئەم مانگە گوتی: "رۆژانە سەد ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان روانەی تورکیا دەکرێ وا بزانم نێچیرڤان بارزانی باسی ئەو 100 ھەزار بەرمیلەی کردبێ، بەڵام لە ماوەی سێ رۆژ تا یەک حەفتەدا ئەو نەوتەی ھەرێمی کوردستان کە لە بەندەری جەیھان لە نێو تانکەرەکاندایە روانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێ."
یڵدز ههروهها گوتی: "ھەموو ئامادەکارییەکی تورکیا بۆ ئەو مەبەستە بە کۆتا ھاتووە و تەنیا چاوەڕوانی بڕیاری ھەرێمی کوردستانە، حاڵی حازر نزیکەی یەک ملیۆن و 800 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان لە تانکەرەکانی بەندەری جەیھاندایە و کاتێک ئەوان ئامادە بوون ئەوا ئەو نەوتە روانەی بازاڕە جیھانییەکان دەکرێ."
یڵدز ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو نەوتە نەوتی عێراقە بۆیە ئەوان بۆ خۆیان ئەو نەوتە دەفرۆشن و تورکیا ئاسانکارییان بۆ دەکا و رێگایان بۆ دەکاتەوە و سەرەڕای ناڕەزایەتی ئەمریکا بەڵام داھاتی ئەو نەوتە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 180 تا 200 ملیۆن دۆلار و بۆ کۆکردنەوەی ئەو بڕەپارەیە لەگهڵ ھەڵک بانکی تورکیا رێککەوتووین.




