کەمال کەرکووکی: پارتی وەک هەمیشە پێشەنگە

هەولێر-KDP.info - ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بادینانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت، "پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا لە دهۆک و نەینەوا رێژەی دەنگەکانی زۆر بەرزە، لە کەرکووک و سلێمانییش زیادی کردووە و لە هەولێریش وەک هەمیشە پێشەنگە."
ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بادینانی پارتی دیموکراتی کوردستان، د. کەمال کەرکووکی لە لێدوانێکدا بۆKDP.infoگوتی: "لەم هەڵبژاردنە کە لە سنووری دهۆک و نەینەوا سەرپەرشتیی هەڵمەتی هەڵبژاردنمان کرد، زۆر زۆر بە خەڵکی بادینان لە پارێزگای دهۆک و نەینەوا سەربەرزین و سوپاس گوزاریانین، چونکە بە هیمەتێکی بەرز بەشداریی هەڵبژاردنەکانیان کرد و رێژەیەکی باشیان تۆمار کرد و متمانەی خۆیان دا بە لیستی خۆیان، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەو سەرکەوتنە بەرچاوەی تۆمار کرد. جێگای دەست خۆشییە، ئێمە سوپاس و دەستخۆشی خۆمانیان پێ رادەگەیەنین و تەمەننای ژیانێکی بەختەوەر و دوارۆژێکی گەش و ئارامیان بۆ دەکەین لەسایەی دەنگەکانی خۆیان، بۆ نوێنەرەکانی پارتی، بەوە زیاتر دڵگەرم و سەربەرزین بە پشتیوانیی ئەو خەڵکە دڵسۆزانەی دەنگ و متمانەی خۆیان بەو شێوەیە بە لیستی خۆیان لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دا."
دەربارەی ئەنجامە سەرەتاییەکانی دەنگدانیش کەرکووکی گوتی: "ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەکەین، بەڵام لەوە دڵنیاین بە رێژەیەکی یەکجار باش لە پێشەوەی گشت لایەنەکانەوەین و بەراود بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگی پارتی لەم هەڵبژاردنەش زۆر زیادی کردووە، بەڵام پێمان باشە کۆمسیۆن بە فەرمی رایبگەیەنێ، ئێمە لەئێستاوە موژدە بە خەڵکی کوردستان ئەدەین کە لە لە سنووری هەردوو پارێزگای دهۆک و نەینەوا بە گشت قەزا و ناحیەکانیانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رێژەیەکی بەرچاوی بە دەست هێناوە و لە پێشەوەی گشت لایەنەکانەوەیە، خەڵکی بادینانی سەربەرزیش ئیسپاتیان کرد کە بە باشی دەنگیان بە پارتی داوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش نەک تەنیا لە دهۆک و نەینەوا لە کەرکووک و سلێمانیش زیادی کردووە و لە هەولێریش وەک هەمیشە پێشەنگە."
سەرپەرشتیاری هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی بادینان گوتیشی: "بە ناوی خوشک و برایانم لە لێژنەی سەرپەرشتیی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، سوپاسی یەکە یەکەی دانشتووانی دهۆک و نەینەوا لە گشت قەزا و نەحیەکان و سوپاسی بەرپرسی لقە سەربەرزەکانمان و کارگیڕی لق و بەرپرسی ناوچەکان و کادیر و ئەندام و لایانگر و هەوادارانمان ئەکەین کە چالاکانە بە کاری خۆیان هەستان."




