ئەنجوومەنی وەزیران یەكی ئایار لە كرێكاران پیرۆز دەكات

بە بۆنەی (1)ـی ئایار و هاتنەوەی جەژنی كرێكاران، كە بووەتە رۆژێكی سەرانسەری بۆ هەموو كرێكارانی جیهان، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەم یادە بەرز رادەگرێت و پیرۆزبایی لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان دەكات.
لەم ڕۆژەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو ئەركێكی خۆی دووپاتی دەكاتەوە كە لەسەر بەرنامەی كاری خزمەتكردنی كرێكاران و هەموو ئەو چین و توێژە كۆمەڵایەتیانەی كوردستان بەردەوام دەبێت كە بە هەوڵ و خەبات و رەنجی شانی خۆیان خزمەتی مرۆڤایەتی و بونیاتنانەوە و ئاوەدانیی كوردستانەكەیان دەكەن، لە هەوڵدان بۆ دەستەبەركردنی ژینگەیەكی لەباری كاركردن و رەخساندنی هەلی كار و هاوكاریكردنیان لە بەدەستهێنانی مافەكانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی شارەزایی و لێهاتووییان بە شێوەیەكی هاوتەریب لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیادا.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا چەندین پڕۆژەی بۆ گەنجان و لاوان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و ئەوانەی بێكارن خستە بواری جێبەجێكردنەوە، جگە لەوەش یەكێك لە ئەولەوییەتەكانی حكوومەت هاریكاریكردن و پەرەپێدانی كەرتی تایبەتی خۆماڵییە كە رۆڵێكی زیاتر لە چالاكیی ئابووری و بەرهەمهێناندا ببینن و ژمارەیەكی زیاتر دەستی كاریش وەگەڕ بخەن.
دووبارە ئەم رۆژە لە كرێكارانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان پیرۆز دەكەین.
سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
30/4/2014




